کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی ٢ی رێبەندان لە وڵاتی فێنلاند بەڕێوە چوو

21:01 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بۆ ڕێزگرتن لە ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە وڵاتی فێنلاند ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، یادی ٢ی ڕێبەندان ٧٢مین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە شاری هێلسینکی پێتەختی فێنلاند بەڕێوە چوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا کە بە سەدان کەس لە کوردستانیانی دانیشتووی فێنلاند، نوێنەری حیزب و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییە کوردپەروەرەکان بەڕێوە چوو، وێڕای پێشکەشکردنی وتار و پەیامی حیزب و لایەنە جیاوازەکان، هونەرمەندانی بەشدار یادەکەیان ڕازاوەتر کرد.

ڕێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر وتاری کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند، لە لایەن مەجید حەقی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی فێنلاند پێشکەش کرا.

پاشان پەیامی چەند حیزب و لایەنی سیاسی پێشکەش کران کە بریتی بوون له:

پارتی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی نیشتیمانیی کوردستان
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
پارتی کرێکارانی کوردستان PKK
کۆمەڵەی سازمانی کوردستانی حیزبی کمۆنیستی ئێران
پەیامی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و ئەنجوومەنی لێکۆلەرانی ئەحواز
فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی فێنلاند
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران – کۆمیتەی فێنلاند و بروسکەی سازمانی دێموکراتیکی یارسان پێشکەش کرا.

لەو یادەدا هەروەها وتارێک لە لایەن پرۆفێسۆر نارێش سووراپ، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی هێلسینکی و چالاکی مافی مرۆڤ لە هیندۆستانەوە بەو بۆنەوە پێشکەش کرا.

بە دوای ئەودا هونەرمەندان هەژار دهۆکی، کامران عەلیپوور، عەلی قامیشلوو، یاسیر قامیشلوو، موئەیەد چاوشین و عەلی قەرەداغی بە دەنگ و مۆسیقایان جۆش و خرۆشیان بە یادی ٧٢مین ساڵڤەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان بەخشی.

لەو ڕێوڕەسمەدا هەروەها کۆبوونەوەیەکی بەرین بۆ نوێنەری ڕێکخراو و کەسایەتییە بەشدارەکان لەسەر پێویستی هاودەنگی و پێکەوە کارکردن گفتگۆ کرا و ئەم هەنگاوەی حیزبی دێموکرات بۆ لێک نزیکبوونەوەی زیاتر بەرز نرخێندرا.

لە درێژەی بەرنامەدا لەوحی ڕێزلێنان ئاراستەی ئەندامانی کۆمیتەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی فێنلاند کرا، کە بە کار و چالاکییەکانیان کۆمیتەیان بە ئەمڕۆ گەیاندووە.

هەروەها لەوحی ڕێزلێنان ئاراستەی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان لە فێنلاند کرا، کە بە کاری بێوەستانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگای کورد و یەکیەتی نێوان هێز و ڕێکخراوەکانی کوردستانی تێکۆشاوە.