کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی دۆلار و یۆرۆ لە ئێران بەردەوام بەرز دەبێتەوە

21:02 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نرخی دۆلار و یۆرۆ لە بازاڕەکانی ئێراندا ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرز دەبێتەوە و بەرپرسانی ڕێژیمیش لەو بارەوە وادەی سەر خەرمان بە خەڵک دەدەن.

نرخی دۆلار و یۆرۆ لە حەوتووی ڕابردووەوە بەرەو گرانبوون ڕۆیشتووە و لە ڕێکەوتی یەکشەممە ١٥ی ڕێبەنداندا، لە بازاڕەکانی ئێراندا دۆلار بە ٤٨١٠ تمەن و یۆرۆ بە ٦٠٠٠ تمەن مامەڵەی پێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سەر بە ڕێژیم ئیسنا، نرخی دۆلار لە بەراورد لەگەڵ ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕێبەندان، ١٢٨ تمەن، یۆرۆ ٩٥ تمەن و سکەی زێڕ ١٣ هەزار تمەن گرانتر بووە.

وتەبێژی دەزگای قەزاییی ڕێژیم لە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەوە کردووە، کە وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی نالەباری بازاڕی دۆلار و یۆرۆ ڕاستەوخۆ دەستبەکار بووە و لەم پێوەندییەدا ٦ کەس لەژێر چاوەدێریدان و فەرمانی گرتنیان دراوە.

وەلیوڵڵا سەیف، سەرۆکی گشتی بانکی ناوەندیی ئێران، چەندین جار ڕاگەیاندووە، کە گرانبوونی دۆلار و یۆرۆ کاتین و بە زووترین کات هەرزان دەبنەوە، هەروەها حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، دوو حەوتوو پێش لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا، جەختی کردەوە، لە پێوندیی لەگەڵ دۆلار کێشەیەکمان نییە و خەڵک ئاسوودە و دڵنیا بن.

هۆکاری سەرەکیی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئیتر باوەڕیان بە درۆ و دەلەسەکانی بەرپرسانی ڕێژیم نەماوە و بە هۆی لە پەراوێزکەوتنی ئێران لە بواری ئابووریی و سیاسییەوە بە هۆی سیاسەتە چەواشەکارانەکانی ڕێژیم چ لە نێوخۆی وڵات و چ لە دەرەوەی وڵات، بژیوی ژیانی ئەو خەڵکە رۆژ لە دوای ڕۆژ نالەبار و قەیرانیتر دەبێت.