کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر لە شاری پیرانشار کۆچی دوایی کرد

14:37 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: مام عەبدوڵڵا بیجاد، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەری خەڵکی شاری پیرانشار، ماڵاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، مام عەبدوڵڵا بیجاد کوڕی ئەحمەد خەڵکی گوندی مێشەدێی خوارێ سەر بە ناوچەی نەڵێنی شاری پیرانشار له تەمەنی ٨٠ ساڵێدا کۆچی دوایی کرد.

مام عەبدوڵڵا ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ی هەتاوی، وەک کەسێکی تێکۆشەر هاتە ڕێزی شۆڕشەوە و هەر بۆیە بە تۆمەتی هاوکاری کردن لەگەڵ شەهید مراد شیرێژ بۆ ماوەی ٥ ساڵ زیندانی کرا.

لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، مام عەبدوڵڵا لە دڵسۆزان و یارمەتیدەرانی هێزی پێشمەرگە بوو.

شوێن و ماڵی ناوبراو جێگای حەسانەوە و پەنای پێشمەرگە بووە.
تەرمی مام عەبدوڵڵا لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک سپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبرا دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.