کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشەکانی سپای پاسداران بە دژی میدیاکانی دژبەری ئەو ڕێژیمە درێژەی هەیه

15:04 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بۆ دروستکردنی شەڕی ڕەوانی و هێرش بۆ سەر میدیاکانی دژبەری ڕێژیم باسی لەوە کردووە، پێویستە کاناڵەکانی سەر بە سپای پاسداران بناسرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەیەکە ڕێژیمی ئاخوندی بە مەبەستی لەنێوبردنی یەکیەتیی و تەبایی نێوان خەڵکی کورد، دەستی بە شەڕی ڕەوانی لە دنیای مەجازیدا کردووە، هەتا بتوانێت فەزای مەجازی بە قازانجی خۆی بە دەستەوە بگرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کرد، بە زیادبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی کاناڵە کوردییەکان و بە دانانی پۆست و نووسینی چەواشەکارانە دەیانەوێ کە متمانەی لەدەستدراوی خۆیان بە دەست بێننەوە، بەڵام ئەوە خەیاڵێکی خاوە لە مێشكی جاش و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم و بێگومان خەڵکی کوردستانیش لە بەرانبەر ئەو کردەوانەدا بێ هەڵوێست نابن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەدا باسی لەوە کرد، بۆ هەموو کەس ئاشکرایە، کە کاناڵەکانی وەک کوردپرێس، ده‌نگی نیشتمان، افق کوردستان، کوردتودی، ناسیونالیسم کوردی، شاره‌که‌م دیواندره، آخرین خبر، پایگاه خبری هه‌واڵ، زرێبار خبر، ڕووداو (کاناڵی تێلێگرامی شارەکان سەر بە ڕێژیم)، شاره‌کەم سنه و کوردنیوز و دەیان ماڵپەڕی دیکە لە لایەن هەندێک کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە ئیدارە دەکرێن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا جەختی کردەوە، کە لە کاتی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور ئەو کاناڵ و ماڵپەڕانەی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی شەڕی ڕەوانی لە دنیای مەجازیدا بوون و دەیانەویست فەزای سیاسیی نێوخۆ بە قازانجی خۆیان تەواو بکەن.

هاوکات چەند ڕۆژ لەمەوبەر قەڵەمفرۆشەکانی سەر بە ڕێژیم، لەگەل محەممەد حوسێن شاهڕوودی نوێنەری وەلی فەقیهـ لە شاری سنە کۆ بوونەوە و بە فەرمی باسیان لەوە کرد، دەبێ دژی میدیاکانی دژبەری ڕێژیم بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە بوەستنەوە.