کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حکوومەتی ئێران دانی بەوە ناوە کە خەڵکی ئێران لە خۆداپۆشینی زۆرەملێ بێزارن

16:12 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نووسینگەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە، کە لانیکەم نیوەی خەڵکی ئێران دژی یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێن.

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و زۆرێک لە وڵاتانی بیانی، بەردەوام ڕەخنەیان لە یاسا زۆرەملێیەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێی ژنان گرتووە.

پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، لە یەک حەوتووی ڕابردوودا، کچان و ژنانی ڕزگاریخواز و بوێری ئێران، بە لابردن و شەکانەوەی سەرپۆشەکەیان لە شەقامەکانی ئێران، دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی دەربڕینێکی هێمنانە و بێدەنگ بە دژ یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێ ڕاوەستاون، کە پاش هاتنە سەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەسەر ژنانی ئێراندا سەپاوە.

لە ئاکامی ئەو ناڕەزایەتی دەربڕینانەی کچان و ژنانی ئێران، کە بە کچانی شەقامی ئینقلاب ناسراون، تا ئێستا ٢٩ کەس لەو ناڕازییانە بەرەوڕووی گرتن و سزای هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتەوە، ڕێژیم بۆ ئەو کارەی وەبەر هێرشی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تووڕەیی و بێزارییە نێوخۆییەکان کەوتووە.

چەندین بەرپرسی حکوومەتی لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا، ترسی خۆیان لە پێوەندی لەگەڵ درێژەکێشانی ئەو ناڕەزایەتییانە دەربڕیبوو و لە ئاکامی ئەو گوشارە نێوخۆیی و دەرەکییانە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، نووسینگەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕاگەیندراوێکدا باسی لەوە کردووە، کە لە ٣ ساڵی ڕابردووەوە لانیکەم نیوەی خەڵکی ئێران دژی یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملێن و ئەو یاسایە بە پێشێلکردنی مافی ژنان دەزانن.

چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، کە بڵاوکردنەوەی ئەو ڕاگەیندراوە لە لایەن نووسینگەی سەرکۆماری ڕێژیمەوە، دەتوانێ لە لایەک ترسی ڕێژیم لە دەرکەوتەکانی درێژەکێشانی ئەو ناڕەزایەتییانە بێت و لە لایەکی ترەوە ئاماژەیەک بۆ کونتڕۆڵ کردنی توندئاژۆی و بڕیارە نابەجێیەکانی هێزی یاسادانانی ڕێژیم بێت.

شایانی باسە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران وەکوو پێشووتر ترسیان لەو ڕێژیمە نەماوە و لە چووکەترین دەرفەت هێرش دەکەنە سەر پیرۆزییەکانی ڕێژیم و ڕێبەری و سەرکۆماری و یاسای بنەڕەتی ڕێژیم دەکەنە ئامانج، کە لەو بارەوە دەتوانین ئاماژە بە دروشمی مرگ بر دیکتاتور، مرگ بر خامنەای، مرگ بر روحانی لە ناەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا و چالاکی و ناڕەزایەتی کچانی شەقامی ئینقلاب و هێرشی کەسێکی قەمە بەدەست بۆ سەر کۆشکی سەرکۆماری ڕێژیم لە ڕۆژی ڕابردوودا بکەین.