کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئۆپراسیۆنی هێزەکانی عێراق بۆ ئەمنییەتی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران ئەنجام دەدرێت

20:28 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سپای عێراق لە چیاکانی حەمرین، بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران، ئۆپراسیۆنێکی نیزامی دەست پێ کردووە.

بەپێی هەواڵدەریی ڕوویتێرز، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەم ئۆپراسیۆنە کە لە شاخەکانی حەمرین لە نزیکی شاری کەرکووک دەستی پێ کردووە، بە مەبەستی دابینکردنی ئەمنییەتی ڕێگەی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێرانە.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەم ئۆپراسیۆنە، شەش چەکداری سەر بە داعش لە تێکەڵچوون و شەڕی چەکداریی لەگەڵ هێزەکانی عێراق کوژراون.

لەم پێوەندییەدا بەرپرسانی عێراقی باسیان لەوە کردووە، جیا لە چەکدارانی داعش، هێزی دیکەش بە ناوی ئاڵای سپی لە چیاکانی حەمرین دەبینرێن.

ئەم ئۆپراسیۆنە بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە نێوان حکوومەتی بەغداد و ڕێژیمی ئێران کراوە، جێبەجێ دەکرێت. ئەم رێککەوتننامەیە پاش ئەوەی واژۆ کراوە، کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان یارمەتی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیان دا.

هەر بەپێی ئەم هەواڵە ئەم ڕێککەوتنە دەبوو، حەوتووی پێش جێبەجێ بکرایە و ڕۆژانە ٦٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پارێزگای کرماشان بنێردرایە، بەڵام بە هۆی کێشە نائاساییەکان ئەم پرۆژەیە وەدوا کەوتووە.

هەسامەلهاشمی، شرۆڤەکاری کاروباری ئەمنییەتیی عێراق، پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە گرووپێکی چەکدار بە ناوی ئالای سپی کە پێکهاتوو لە کوردە ئاوارەکانی کەرکووک و دووزخۆرماتوون، چەندین تێکەڵچوونیان لەگەڵ هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بووە.

ناوبراو جەختی کردووە، کە ئەم گرووپە چەکدارە هیچ پێوەندییەکیان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە، ئەم گرووپە سەر بە هەرێمی کوردستان نییە.