کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانەتی عەرەبی ڕێژیمی ئێرانی بە ناردنی چەک بۆ حووسییەکان تاوانبار کرد

20:31 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی عەرەبی لەسەر هێرشەکان بۆ سەر تەنگەی باب‌‌المندب ڕایگەیاندووە، کە ئێران چەکوچۆلی پێویستی بۆ ئەو هێرشە دابین کردووە.

تورکی ئەلمالکی، وتەبێژی هاوپەیمانەتی نیزامی عەرەبی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٥ی فوریە ٢٠١٨ی زایینی، لە پرێسکونفڕانسێکدا باسی لەوە کردووە، کە هێرشەکەی سەر تەنگەی باب‌المندب لە لایەن حووسییەکانەوە، به دابین کردنی چەک و تەقەمەنی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کراوە.

حووسییەکان به بەلەمی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر بەندەری الحدیدە لە تەنگەی باب‌المندب و تورکی ئەلمالکی باسی لەوە کردووە، که ئەم هێرشانە مەترسی دەخاتە سەر بەشی بازرگانی دەریایی جیهانی و هەڕەشەیەکە بۆ سەر هەموو جیهان.

ناوبراو هەورەها ئاماژەی بە هاویشتنی مووشەک لە لایەن حووسییەکانەوە بەرەو عەرەبستان کردووە و وتوویەتی: هەتا ئێستە ٩٥ مووشەکی بالستیکی بەرەو ناوەندی بەرگریی مووشەکیی عەرەبستان هاوێژراون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان و پاشماوەی مووشەکەکان، بەڵگەکان لەسەر ئەوەن کە مووشەکەکان سازکراوی ئێرانن و زۆرجار وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت عەرەبستان هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێرانە لە ناوچەکە چەک و مووشەک دەداتە گرووپە تێرۆریستییەکان و پاڵپشتیان دەکات بۆ ناسەقامگیر کردنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کۆمەڵگەی جیهانیش لە هەمبەر ئەو کردەوانەی ئێران بێدەنگ نەبوونە و یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی ئەمنییەتی جیهانی و وڵاتە زلهێزەکان لە بارەی چالاکییە مووشەکییەکانی و پاڵپشتی کردنی ڕێژیمی ئێران لە تێرۆریزمە.