کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩٥ لەسەدی گۆلی ورمێ وشک بووە

15:10 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، کە تەنیا ٥ لەسەدی گۆلی ورمێ ئاوی هەیە و ٩٥ لەسەدی وشک بووە.

هادی بەهادوری، نوێنەری ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم، لەسەر بارودۆخی گۆلی ورمێ، باسی لەوە کردووە، کە دەوڵەت دەبێت بوودجەی تایبەت بۆ ڕزگار کردنی گۆلی ورمێ تەرخان بکات و ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەنیا ٥ لەسەدی ئەو گۆلە ماوە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بە بەردەوامی دروشمی ڕزگار کردنی ئەو گۆلە دەدەن و تا ئێستە چەندین پرۆژەیان لەسەری بەڕێوە بردووە و تێچوویەکی زۆریان بەفێڕۆ داوە و تەنانەت چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە بارودۆخی گۆلی ورمێ بەرەو باشبوونە، بەڵام بەپێی قسەی کارناسانی ژینگە و خەڵکی ناوچەکە لەنێوچوونی سەد لەسەدە.

لەسەر وشکبوونی گۆلی ورمێ نەک تەنیا خەڵکی کوردستان و ئێران بەدەنگ هاتوون، بەڵکوو زۆربەی ڕێکخراوە جیهانییەکانی ژینگەیش هۆشداریان داوە و تەنانەت یارمەتی ئابووریی ڕێژیمی ئێرانیشیان بۆ ئەو پرۆژەیە داوە و ئاخرین نموونەیان وڵاتی ژاپۆنە کە یارمەتیی ماڵیی ئەو پرۆژەیان داوە.

ڕێژیمی ئێران، لەو بارەوە تەنیا دروشمی هەبوو و بوودجە دیاریکراوەکان دابین ناکات و تەنانەت سەرمایە دەرەکییەکانیش لەو کارە بەکار ناهێنن و پرۆژەی ژیاندنەوەی ئەو گۆلە به هۆی دابین نەکردنی بوودجە ڕاگیراوە.