کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی شارەکانی خووزستان بە دەست بێئاوییەوە دەناڵێنن

21:16 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ٩٦ لەسەدی شارەکانی پارێزگای خووزستان لە باشوور ئێران بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی ڕێژیم تووشی قەیرانی ئاو بوونە.

جێگری وەبەرهێنانی شیرکەتی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای خووزستان، عەلیڕەزا قەرینە، سەبارەت بە دۆخی نالەباری ئاو لەم پارێزگایە هۆشداری دا و وتی: ئەگەر ئەم دۆخە هەروا درێژە بکێشێت، ٩٦ لەسەدی پارێزگای خووزستان تووشی گرفتی چەندایەتی و چۆنایەتی ئاو دەبن.

عەلیڕەزا قەرینە، ئەم ئەژمارەی بەم جۆرە شرۆڤە کرد: ٦٦ لەسەد لە شارەکانی ئەم پارێزگایە کە ٥٣ لەسەدی حەشیمەتی پارێزگای خووزستان پێک دێنن، بە هۆی وشکساڵییەوە تووشی کەمئاوی بوون.

یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی پارێزگای خووزستان کە تووشی کێشە جیددی ئاو بووە، باکووری ڕۆژهەڵاتەکەیەتی، بەگشتی ١٥ شاری ئەم پارێزگایە تووشی قەیرانی ئاو بوون.

بە وتەی جێگری وەبەرهێنانی شیرکەتی ئاو و ئاوڕۆی خووزستان، لەم پارێزگایە ١٧١ بیر بۆ دابین کردنی ئاو هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە ئاستی ئاوی ئەم بیرانە دابەزیون، لە هێندێ لە شارەکاندا تەنیا یەک بیر هەیە، کە ئەگەر ئەم بیرەش لەنێو بچێت خەڵکەکەی تووشی قەیران دەبن.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئاوی ڕووباری کاروون لە لایەن ڕێژیمەوە بۆ ناوەندی ئێران دەگوازرێتەوە، کە هەر لەم پێوەندییەدا لە ڕۆژی ٢٤ی سەرماوەز خەڵکی ئەهواز لە هەمبەر ئوستانداریی ئەم شارە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان گرت.

بە هۆی جێبەجێ کردنی پرۆژەکانی گواستنەوەی ئاو وەکوو: کووهڕەنگی ١ و ٢ و تونێلی کانی لەنگان لە دەسپێکی ڕووباری کاروون و سازکردنی بەنداوی گەورە لە ڕێڕەوی ئەم ڕووبارە ئەم پارێزگایەی تووشی کەمئاوی بووە.

پارێزگای خووزستان جگە لە قەیرانی کەمئاوی، لەگەڵ تەپوتۆز و بڵاوبوونەوەی گەردیلەکانی خۆڵ و خاک بەرەوڕووە، کە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم هەتا ئێستە هیچ هەنگاوێکی بۆ هەڵنەگیراوە.