کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لقی دووی هەواڵدەریی کوردپرێس تایبەت بە شکاندنی کەسایەتییەکانی خەڵکی کورد دامەزرا

14:22 - 19 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی شکاندنی کەسایەتییەکانی خەڵکی کورد، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لقی دووی هەواڵدەریی کوردپرێسیان لە شاری سنە کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی ئەمنییەتی و نیزامیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە ڕێگای قەڵەمفرۆشانی میدیاکاری خۆیانەوە هەوڵی خەوشدارکردن و شکاندنی کەسایەتییەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەدەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو بارەیەوە ئاشکرای کرد، ڕێژیمی ئێران بۆ ناساندن و شکاندنی کەسایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، لە شەڕی نەرم کەڵک وەردەگرێت.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوەش کرد، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران بە دامەزراندنی کوردپرێس هەوڵی داوە، فەزای میدیایی کوردستان بە دەستەوە بگرێت و بە هۆی سەرنەکەوتنی کوردپرێس لەو بوارەدا، بە دامەزراندنی لقی دووی ئەو هەواڵدەرییە و بڵاوکردنەوەی دووهەفتەنامەی ئاڵا بە سەرپەرەستیی سەید بەهادین حوسێنی ئەندامی پێشووی شۆرای شاری سنه هەوڵی بەدەستەوە گرتنی فەزای میدیایی داوەتەوە و بە بەڕێوەبردنی دانیشتن و کۆبوونەوە لەژێر ناوی فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتی ئامانجی خۆیان بپێکن.

هەر لەو پێوەندییەدا باسی ئەوەش کراوە، بەڕێوەبەریی ئەو دووهەفتەنامە لە ئەستۆی باست شێخ‌ئەحمەدیـیە، کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە پشتیوانی لێ دەکرێت.

ماوەیەکە ڕێژیمی ئاخوندی بە مەبەستی لەنێوبردنی یەکیەتیی و تەبایی نێوان خەڵکی کورد، دەستی بە شەڕی ڕەوانی لە دنیای مەجازیدا کردووە، هەتا بتوانێت فەزای مەجازی بە قازانجی خۆی بە دەستەوە بگرێت.

بە زیادبوونی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی کاناڵە کوردییەکان و بە دانانی پۆست و نووسینی چەواشەکارانە دەیانەوێت کە متمانەی لەدەستدراوی خۆیان بە دەست بێننەوە، بەڵام ئەوە خەیاڵێکی خاوە لە مێشكی جاش و بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم و بێگومان خەڵکی کوردستانیش لە بەرانبەر ئەو کردەوانەدا بێهەڵوێست نابن.