کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە: ئێران و تورکیە یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن

14:25 - 19 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی فەڕانسە لە وتووێژێکدا، ئێران و تورکیەی به پێشێلکاری یاسا نێونەتەوییەکان تاوانبار کردووە.

ژان ئیو لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنیدا، وتوویەتی: کە ئێران و تورکیە لە سووریە، یاسا نێونەتەوەییەکان لەبەرچاو ناگرن.

لۆدریان، ئاماژەی بە گرووپە چەکدارەکانی سووریە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران وەکوو حیزبوڵڵای لوبنان پاڵپشتیان لێ دەکات و جەختی کردووە، کە دەبێ ئەم گرووپانە لە سووریەدا نەمێنن.

ڕێژیمی ئێران بە فەرمی پاڵپشتی لە ڕێژیمی بەشارئەسەد دەکات و هێزی چەکدار و بنکەی سەربازی تایبەتی لە سووریەدا جێگیر کردووە و بە بەردەوامی ڕادەگەینێت، کە دەبێت ڕێژیمی بەشارئەسەد و یەکپارچەیی سووریە بپارێزین و لەو پێناوەشدا پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکان دەکات و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی ئاگری شەڕ لەو وڵاتە دەگەشێنیتەوە.

وەزیری دەرەوەی فەڕانسه، باسی لەوەش کردووە، که ڕێژیمی ئەسەد خەڵکی سڤیل دەکۆژێت و ئەگەری هەیە چەکی کیمیایی بەکار هێنابێت، هەروەها ئاماژەی بە هێرشەکانی ڕێژیمی ئێران و تورکیە بۆ سەر غوتەی ڕۆژهەڵات کردووە، کە بە پێشیلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکان ناوی لێ بردووە.