کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زۆربەی خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە بێزارن

15:01 - 19 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەپێی لێکۆڵینەوە و ڕاپرسییەک کە لە لایەن خودی ڕێژیمی ئێرانەوە ئەنجام دراوە، ٧٥ لەسەدی بەشداربووان لەو ڕاپرسییە لە بارودۆخی وڵاتەکەیان ناڕازین.

ئاکامی بەدواداچوون و لێپرسینەوەی ناوەندێکی سەربە ڕێژیمی ئێران، لە هۆکاری ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵدا ئەوەیە، کە ٧٥ لەسەدی بەشداربووان لەو ڕاپرسییە لە بارودۆخی ئابووری و سیاسی لە نێوخۆی ئێراندا ڕازی نین.

ئەو ڕاپرسییە لە لایەن ناوەندی وەرگرتنی بیروڕای قوتابییانی ئێران (ئیسپا)وە ئەنجام دراوە، ئاکامی ڕاپرسییەکە لە کۆبوونەوەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیکی سەرکۆماری باس کراوە، کە لەو کۆبوونەوەیەدا ڕاوێژکاری سەرکۆمار و کۆمەڵێک لە ئابووریزانان و کۆمەڵناسان بەشدار بوون.

ئەو ڕاپرسییە لە نێوان ٤ هەزار و ٤٩٩ کەسی سەروی تەمەن ١٨ ساڵ، لە ١١ پارێزگای ئێران ئەمجام دراوە و سەبارەت بە ئاکام و زانیارییەکانی ئەو ڕاپرسییە، محەممەد ئاقاسی، بەرپرسی ئیسپا ڕایگەیاندووە، کە نزیک بە ٧٥ لەسەدی بەشداربووان لەو ڕاپرسییە لە بارودۆخی ژیان و ئازادی لە ئێراندا ناڕازین.

ئەو ناوەندە ئاکامی ئەو ڕاپرسییەی لە پێوەندی لەگەڵ هۆکاری هاتنە سەرشەقام و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی بەفرانباری ئەمساڵی بەم شێوە ڕاگەیاندووە: ٣١ لەسەدی بەشداربووانی خۆڕسک، ٦٩ لەسەدی خراپی بارودۆخی ئابووری و بێکاری، ٣٠ لەسەد گەندەڵی ماڵی و ئیداری، ٢٠/٦ لەسەد ناعەداڵەتی، ١٣/٥ لەسەد دەستێوەردان و پاڵپشتی ڕێژیم لە وڵاتانی وەک سووریە و فلستین و ٩/٧ لەسەد نەبوونی ئازادیی ڕادەربڕین و ٢/٣ لەسەد هۆکارەکانی دیکەیە.

شایانی باسە کە بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ناوەندەکانی پارێزگاری لە دێموکراسی، ڕێژیمی ئێران لە ڕیزی داخراوترین ڕێژیمەکانی دونیایە و هەموو بونیاتە لێکۆڵینەوەکان و هەروەها دەنگ و ڕەنگی ئێران سەر بە ڕێژیمە و ئامارەکان و زانیارییەکان لە قازانجی ئەو ڕیژیمە ئاشکرا دەکات.

بەڵام کاتێک کە ڕاپرسییەکی خودی ڕێژیم باس لەوە دەکات، کە ٧٥ لەسەدی خەڵک لەو ڕێژیمە بێزارن، ئیتر بە سەرنجدان بەو ڕاستییەی کە لە ئێراندا نەتەوەکانی کورد، عەرەب، ئازەری، تورکەمەن و بەلووچ کە زۆرینەی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن، زۆرترین پشکیان لە پشتگوێخران، چەوسانەوە و بەشخوراوی لەو ڕێژیمەیان بەرکەوتووە، ئەگەر ڕاپرسییەکی ئازاد یان ڕێفراندۆمێک لەژێر چاوەدێریی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراندا بەڕێوە بچێت، بە دڵنیاییەوە زۆرینەی خەڵک دەنگی نا بەو ڕێژیمە دەدەن و هەموو ئامار و زانیارییە چەواشەکارانەکانی ڕێژیم وە درۆ دەکەون.