کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاندێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریه کۆ بووەوە

15:25 - 19 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریه کۆ بووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی محەممەدساڵح قادری بەرپرسی دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات لە شاری هەولێر، سەردانی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریەیان کرد و لە لایەن شاندێکی ئەو ئەنجومەنەوە بە سەرپەرەستیی جدعان عەلی بەرپرسی دەورەیی نوێنەرایەتی ئەنەکەسە (ENKS) لە هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ کرا.

لەو دیدارەدا نوێنەری حیزبی دێموکرات، بە ئاوڕدانەوە لە حەرەکەتە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆی ئێران و داماوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەمەڕ چارەسەریی قەیرانە نێوخۆی و دەرەکییەکانی، تیشکی خستە سەر پێکهێنانی ناوەندی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران و خەباتی هاوبەشیان دژ بەو ڕێژیمە وەک زەروورەتێک بۆ وڵامدانەوە بە پێشهاتە سیاسییەکانی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەتایبەت ئامادەکارییەکانی حیزبی دێموکرات بۆ بەستنی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی خستە بەرباس.

شاندی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریه، باسیان لە هەلومەرجی ئێستەی ڕۆژئاوا بەگشتی و بەتایبەت عەفرین کرد و دوایین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی خۆیان لەو پێوەندییەدا بۆ چارەسەریی کێشەکانی ڕۆژئاوا و ڕاگرتنی شەڕی عەفرینی خستە بەرباس.

له کۆتاییدا دوو لایەن لە سەر بەردەوامی پێوەندی و هاوکارییەکانیان جەختیان کردەوە.