کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوارکەس لە تێرۆریستەکانی ئێران لە بەحرەین دەسبەسەر کراون

15:43 - 19 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئەمنییەتیی بەحرەین ڕایانگەیاندووە، کە چوار تێرۆریستیان دەسبەسەر کردووە، کە لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتی کراون.

بەرپرسانی ئەمنییەتیی بەحرەین، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایانگەیاندووە، چوار کەس لە گرووپێکی تێرۆریستی لە پێوەندی لەگەڵ تەقاندنەوەی هێڵی نەوتی بەحرەین دەسبەسەر کراون، کە لە لایەن ئێرانەوە بۆ کاری تێرۆریستی پەروەرد و پشتیوانی کراون.

لەو ڕاگەیندراوەدا هاتووە، کە دەسبەسەرکراوەکان لە ئێراندا پەروەردە کراون و دەورەی تایبەتیان بینیوە، هەروەها تەقاندنەوی هێڵی نەوت و چالاکیی تێرۆریستی و پیلانەکە لە ئێراندا داڕێژاوە و ئەم کارە بە پاڵپشتیی ماڵی ڕێژیمی ئێران جێبەجێ کراوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئاماژەی بەوە کردووە، کە بە دوای سێ کەسی دیکەدا هەن، کە لەو ئۆپراسیۆنە تێرۆریستییە بەشدارییان کردووە، کە دوو کەسیان لە ئێراندان.

هەتا ئێستە چەندین کەس لە بەحرەین بە تاوانی چالاکیی تێرۆریستی دەسبەسەر کراون و حکوومەتی ئەو وڵاتە هەموو جارێک ڕێژیمی ئێرانی بەوە تاوانبار کردووە، کە پاڵپشتی لەو گرووپانە دەکات و سەر بە ئەو ڕێژیمەن.