کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانییەتی ئامریکا هێرشی کردە سەر هێزەکانی بەشار ئەسەد و ڕێژیمی ئێران

20:58 - 19 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی هاوپەیمانی ئامریکا بۆ سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد و پشتیوانیانی ئەو ڕێژیمە ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد و ئێران کوژران.

بەپێی بەیانییەیەک کە لە لایەن هاوپەیمانانی ئامریکا بڵاو کراوەتەوە، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کە لە ڕیزی هێزەکانی ڕێژێمی بەشار ئەسەددا دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو ڕێژیمە شەڕ دەکەن، ویستوویانە بەرەو پارێزگای دیرالزور کە لە لایەن یەپەگەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، پێشڕەوی بکەن، بەڵام ئامریکا بە چڕی هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەریان.

بەپێی ئەو بەیانییە هێزەکانی ڕێژیمی ئێران که له ڕیزی هێزەکانی ڕێژێمی بەشار ئەسەد دان، لە لایەن ئامریکاوە بە چڕی هێرشیان کراوەتە سەر و زیاتر لە ٥٠ چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران کوژراون.

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ویستوویانە کێڵگەی نەوتی کۆنیکۆ گازز و ئەلعومەر بە دەستەوە بگرن.

پارێزگای دیرالزور کە لە سنووری عێراق نزیکە، یەکێکە لە پارێزگا هەرە دەوڵەمەندەکانی سووریه لە ڕووی سەرچاوەکانی وزەوە.

لە سەرەتای شەڕی نێوخۆیی سووریەوە، کە لە ساڵی ٢٠١١ـەوە لە نێوان ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە سەری هەڵداوە، زیاتر لە ٣٠٠ و ٧٠ هەزار هاووڵاتی کوژراون و زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئەو ڵاتە ئاوارە بوونه، ڕێژیمی ئێران بە هەموو توانایەکیەوە بەرگری لە ڕێژێمی بەشار ئەسەد دەکات و وێڕای دابین کردنی چەکوچۆڵ، شان بە شانی شەڕ دەکات.