کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئورشەلیم

14:44 - 20 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی آستان قدس رضوی کە بە نهێنی سەردانی سنوورەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی کردبوو، ڕایگەیاندووە کە بەم زوانە ئۆرشەلیم ئازاد دەکەین.

سەید‏ ئیبراهیم ڕەئیسی بە نهێنی سەردانی لوبنان کردووە، لەگەل فەرماندە مەیدانییەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی، گەشتێکی بە سەر سنوورەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەو وڵاتەدا کردووە.

ڕۆژنامەی ئورشەلیم پۆستـی ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی، هەتاوی کۆمەڵێک وێنەی بڵاو کردووەتەوە کە لەو وێنانە سەید‏ ئیبراهیم ڕەئیسی، ئەندامی مەجلیسی خوبرەگانی ڕێژیمی ئێران و وەک دەڵێن گونجاوترین کەس بۆ جێگرەوەی عەلی خامنەیی لە داهاتوودا، خەریکی دیتن و بەسەرکردنەوەی سنوورەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنانە.

ئەو گەشت و بەسەرکردنەوەی ڕەئیسی بۆ وڵاتی لوبنان، تا ڕۆژی ٥ی فێڤریەی ٢٠١٨ی زایینی، واتە کاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ نبیە بری، سەرۆک پارلمانی ئەو وڵاتە، بە شاراوە مابوویەوە.

دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەو گەشتەی ڕەییسی کردووە و وتوویەتی: فەرماندە باڵاکانی حیزبوڵڵا لە کاتی گەشت و دیداری ڕەئیسی بە سەر سنوورەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبناندا، چەکدار بوونە و چەکیان پێ بووە، کە ئەوە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانه، چوونکی ئەو دیدارە لە ناوچەیەک بووە کە لەژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دایه.

پاش ئەوەی لە دوایین ساتەکانی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی، دانڵد ترامپ شاری ئۆرشەلیمی وەک پێتەختی ئیسرائیل بە فەرمی ناساند و بڕیاری دا تا باڵوێزخانەی وڵاتەکەی بۆ ئەو شارە بگوازرێتەوە، ڕیژیمی ئێران بە ئاشکرا و نهێنی دژایەتی خۆی دەربڕیوە و دەستی داوەتە هەڕەشە و هێڕش بردنە سەر ئامریکا و ئیسرائیل.

بەهێزترین حیزبەکانی لوبنان وەک حیزبوڵڵا و حەماس لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی ماددی و چەکوچۆڵی سەربازی دەکرین که پێشتر وەزیری بەرگری ئیسرائیل لەو بارەوە ڕایگەیاندبوو ڕێژیمیئ ئێران ساڵانە بڕی ٨٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتی حیزبوڵڵای لوبنان دەدات.