کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ئێعترازی لە یوونان بۆ پشتگیری هیدایەت عەبدوڵاپوور و ڕامین حسەین پەناهی

14:33 - 21 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی نیشتەجێی وڵاتی یوونان، بۆ پشتگیری کردنی دوو زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە شارەکانی ئاتێن و سالۆنیک، کۆبوونەوەی ئێعترازییان ساز کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە دەسپێشخەری ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کوردانی چوار پارچەی کوردستان، لە هەر دوو شاری ئاتێن و سالۆنیکی وڵاتی یوونان، بەدژی حوکمی داسەپاو بەسەر هیدایەت عەبدوڵاپوور و ڕامین حسەین پەناهی، کۆبوونەوەی ئێعترازییان وەڕێخست.

بەپێی ئەم هەواڵە، کۆبوونەوەکان لە گۆڕەپانی سەرەکیی شاری ئاتێن و گۆڕەپانی بەناوبانگی ئالیستۆتلۆسی شاری سالۆنیک ڕێکخرابوو، کە تێیدا بەشداربووان بە هەڵکردنی وێنەی ئەم دوو زیندانییە سیاسییە و بڵاوکردنەوەی بروشۆر و ڕاگەیەندراو بە زمانی یونانی، بیروڕای گشتیی یونانیان لە دۆخی داسەپاو بەسەر ئەم دوو زیندانییە ئاگادار کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە نوسخەیەکی بە دەستی ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ئاماژە بە گرتن و ئێعدامی بێبەزەییانەی هاووڵاتییانی کورد، لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوو کراوە و هاتووە: تەنیا لە ساڵی ٢٠١٧دا، زیاتر لە ٧٠٠ کەس، بە بڕیاری دەزگای بەناو قەزایی لە ئێران ئێعدام کراون.

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕاگەیەندراوەدا، کە ڕوو لە خەڵک و سیاسەتڤانی یوونان نووسراوە، هاتووە: بەپێی ئەزموون و ڕابردووی کۆماری ئیسلامی، ئەو بڕیارانەی کە بۆ سەر چالاکانی سیاسی دەردەکرێت، بە گووشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان و دادگای ئینقلابە، کە هیچ چەشنە مافێکی ئینسانی بۆ زیندانییەکان ڕەچاو ناکەن.