کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزاییەتییەکانی خەڵکی کوردستان دژی ڕێژیم درێژەیان هەیە

14:47 - 21 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەرەبەری ٢٢ی ڕێبەنداندا، ئاگر لە بەنێر، وێنە و ئاڵای ڕێژیمی ئێران بەردەدەن، کە تایبەت بەو ڕۆژە هەڵواسراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەنێر، وێنە و ئاڵای ڕێژیمی ئێران کە تایبەت بە ساڵڕۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران و بەتاڵان بردنی لەلایەن ئاخوندەکانەوە هەڵواسراون، ئاگر تێبەردەدەن.

لەو پێوەندییەدا لە شاری بانە خەڵکی تێکۆشەری سەر شەقام، ئاگریان لە ئاڵای ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردا، کە بەم بۆنەوە هەڵواسرابوو؛ ئاگرتێبەردانی وێنە و بەنێرەکانی تایبەت بەو ڕۆژە لە چەندین شاری دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیش ئەنجام دراوە و وەک چالاکییەک دژ بە تەواوییەتی ڕێژیم درێژەی هەیە.

هاوکات لە بەرەبەری ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەنداندا خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانی ئێران بانگەوازیان بڵاو کردووەتەوە کە لەو ڕۆژەدا دێنە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم خۆپیشاندان دەکەن.

لە لایەکی دیکەشەوە، لە نێو ئۆرگانە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێراندا، شەونامە دژی ڕێژیم بڵاو کراوەتەوە و فەرماندە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ریزشـی کادر و ئەندامانی نیزامیی خۆیان هۆشداریان داوە.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە لە مانگ یڕابردوودا خەڵکی ناڕازی لە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و دژی ڕێژیم خۆپیشاندانی جەماوەرییان بەڕێوە برد؛ هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوە و ڕاپرسییەک کە لە لایەن خودی ڕێژیمی ئێرانیشەوە ئەنجام دراوە، ٧٥ لەسەدی بەشداربووان لەو ڕاپرسییە، لە بارودۆخی وڵاتەکەیان ناڕازین.