کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرداگرتنی بارێکی قاچاخی بەرپرسانی ڕێژیم

15:05 - 21 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دوو باری قاچاخ لە سنوورەکانی مەریوان دەستی بەسەردا گیراوە، کە خاوەنەکانیان لە بەرپرسانی ڕێژیمن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سنووری باشماخی مەریوان، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپاوە، دەست بەسەر پێنج کانتینێرباری قاچاخ گیراوە، کە دوو کانتینریان هی مەنسوور مورادی بەناو نوێنەری مەریوان لە مەجلیسی ڕێژیم و سێ کانتینرەکەی دیکەش هی فەرماندەی هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم لە شاری مەریوان بووە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، لە حاڵێکدا کە هەموو سنوورەکانی کۆڵبەری لە مەریوان داخراون و ڕێگە بە هیچ کۆڵبەریک نادرێت کە هاتووچۆ بکات، بەرپرسانی ڕێژیم بارە قاچاخەکانی خۆیان لەو سنوورانەوە دەرباز دەکەن.

ئەم کانتینێرانە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هەتا ئێستە دیار نییە کە چ بارێکیان تێدا بووە بەڵام ڕوونە کە ئەم کارەی سپا چەشنێک لە تۆڵەکردنەوە لەو دوو کەسە بووە.

هەندێک لە چالاکانی سیاسی پێیان وایە ئەم کارەی سپا دوای ئەوە هاتۆتە ئاراوە کە نوینەرەکەی ڕێژیم و فەرماندەکەی هێزی ئینتزامی ئامادە نەبوون پشکێکی زیاترلە قازانجی بارە قاچاخەکان ڕادەستی سپا بکەن و سپای پاسدارانیش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لەم دوو کەسە ئەم کارەی کردووە.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سنوورەکانی کوردستان به قاچاخ کردن و گەندەڵی لە گومرۆکەکان، زۆرترین داهات بە دەست دێنن و خەڵکی ناوچە سنوورییەکانیش لەوپەڕی هەژاریدا، ناچارن بە کۆڵبەری بژێوی ژیانیان دەستەبەر بکەن.