کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی پارە ئازاد کراوەکانی پاش بەرجام

15:24 - 21 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: زۆربەی هەرە زۆری ئەو پارانەی کە پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام ئازاد کراون، بۆ بەهێزکردن و دنەدانی ملیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، وەک حیزبوڵای لوبنان و حوسییەکانی یەمەن تەرخان کراوە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان کە بەشێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە ئامریکا ئاشکرایان کردووە؛ بەشێکی هەرەزۆری ئەو پارەی کە پاش ڕێککەوتننامەی ناوکی، لە لایەن ئامریکاوە ئازادکراوە و ڕادەستی ڕێژیمی ئێران کراوە، بۆ بەهێزتر بوون و پڕچەک کردنی لایەنەکانی سەر بە ئێران وەک حیزبوڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن خەرج کراوە.

پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینیدا، بڕی ١.٧ میلیارد دۆلار لە پارە بلۆکەکراوەکانی ئێران لە ئامریکا، ئازاد و بۆ تاران بەڕی کران؛ رۆژنامەی واشینگتۆن تایمز لە زاری هەندێ سەرچاوەی ئاگادار، ڕایگەیاندووە کە دەوڵەتی ئامریکا بە وەرگرتنی شوێن پێی ئەو پارانە، زانیویەتی کە ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی پڕچەک کردن و چالاکتر کردنەوەیان، ئەو پارانەی داوە بە ملیشیاکانی سەر بە سپای قودس لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە بەدواداچوون و شوێن پێ هەڵگرتنی چۆنیەتی یارمەتیدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە لایەنە تیرۆریستییەکان، دەتوانێ کارئاسانییەک بێت بۆ هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام.

رۆژنامەی واشینگتۆن تایمز هەروەها جەختی کردۆتەوە کە ئێران بەشێک لەو پارانەی داوەتە حوسییەکانی یەمەن، کە بە مەبەستی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە یەمەن دەستیان داوەتە کودەتای سەربازی و دژ بە حکوومەتی یاسایی یەمەن شەڕ دەکەن.

پێشتر دانڵد ترامپ ئەو ڕێککەوتننامەیەی بە خراپترین ڕێککەوتننامە لە مێژووی ئامریکا ناوزەد کردبوو و بەردەوام هەڕەشەی کشانەوە لەو ڕێککەوتننامەیەی کردووە.

ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە ئەو پارانە نەک بۆ باشتر بوونی ژیانی خەڵکی ئێران سەرف نەکراوە، بەڵکوو بۆ کڕینی چەکوچۆڵ، پشتگیری لە تێرۆریزم، سەرکوت کردنی خەڵکی ئێران و پڕکردنی گیرفانی ڕێبەرانی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران تەرخان کراوە.