کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حسەین ئەحمەدی نیاز: عوسمان مستەفاپوور حوکمی نادادپەروەرانەی بەسەردا سەپێندراوە

15:36 - 21 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ٢٦ ساڵ بەندکرانی، زیندانییەکی سیاسی کورد لەگەڵ دژکردەوەی پارێزەرێکی کورد بەرەوڕوو بوویەوە.

حسەین ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ناسراوی کورد، ٢٦ ساڵ بەندکرانی عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێی بە نادادپەروەرانە وەسف کرد و ڕایگەیاندووە وێناکردنی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک زیندانیی بوون، زۆر سەخت و ئەستەمە.

ئەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەری دەڵێت: ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ، لە حاڵی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانی کەیفەری نادادپەروەرانەیە.

پاش زیاتر لە ٢٦ ساڵ زیندانی، ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردەی خەڵکی پیرانشار هێشتا لە مافی ئازادی ڕەوا و مورەخەسی بێبەرییە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە خەرمانانی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەیتەرگەوەڕی شاری ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی ڕێژیم، بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی، پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر چابک حوکمی زیندانی عوسمان مستەفاپووری بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕی.

دەزگای بەناو قەزایی ڕێژیم، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسدران دەرکردووە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە ڕەنج نامەیەکدا داوای لە ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە نەخەوتووەكانی سەرانسەری دونیا کردبوو كە بە لێكۆڵینەوە لەبارەی ڕەوتی دادگایی و بە فیڕۆچوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیی، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا، ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیددیعا و بانگەشەی بێبنەما بە فیڕۆ بچێت.