کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

\"مەنسوور ئەرباب سیر\" دانی بە هەوڵی تیرۆری باڵوێزی عەرەبستاندا نا

15:05 - 27 رەزبەر 2712

كوردستان میدیا: هاووڵاتییەكی بە رەگەز ئێرانی دوای تێپەڕینی یەك ساڵ، دانی بە هەوڵی تیرۆر كردنی باڵوێزی عەرەبستان بە هاوكاری سپای قودسی رێژیمی ئێراندا نا.

ساڵێك لەمەوبەر دەزگا ئەمنیەتیی ـ قەزاییەكانی وڵاتی ئەمریكا هەواڵی پووچەڵ كردنەوەی پیلانێكی سپای قودسی سەر بە سپای پاسدارنی رێژیمی تارانیان، لە واشینگتۆن راگەیاند، و هاوكاتیش كەسێكیان لەو پێوەندییەدا دەسبەسەر كرد.

مەنسوور ئەرباب سیر هاووڵاتیی بەرەگەز ئێرانی و دانیشتووی ئەمریكا ئەو كەسە بوو كە بە تاوانی هەوڵدان بۆ تیرۆر كردنی عادڵ ئەلجەبیر باڵوێزی عەرەبستان لە واشینگتۆن، دەسبەسەر كرا.

دوای تێپەڕینی یەك ساڵ و لێكۆلینەوە سەرەتاییەكان و بەڕێوەچوونی چەندین جار دادگایی كردن لە ئەنجامدا ئەرباب سیر دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

پێشتر ئەریك هولدەر وەزیری دەزگای قەزایی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە هەواڵدەریی رویتێرزی راگەیاندبوو: مەنسوور ئەرباب بێجگەلە هەوڵدان بۆ تیرۆر، پیلانی تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی عەرەبستان و ئیسرائیلیشی بە دەستەوە بووە.

بۆ پشت راست كردنەوەی ئیدیعاكانی ئەمریكا، نیكۆلا ساركۆزی سەركۆماری پێشووی فەرانسە لەو باوەڕە دابوو، ئیدیعاكانی ئەمریكا لەمەڕ دەست تێدا بوونی رێژیمی ئێران لە تیرۆری باڵوێزی عەرەبستان لە واشینگتۆن بە تەوەاوی راستن و دەبێ‌ زەخت و گوشاری نێودەوڵەتی زیاتر بخرێتە سەر ئەو رێژیمە.

سپای قودس باڵی نیزامی ـ سیاسیی دەرەوەی سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامی ئێرانە و لەحاڵی حازردا لەلیستەی تیرۆری ئەمریكا دایە.