کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاسدار حوسێن سەلامی: دەتوانین جەهەنەم بۆ ئیسرائیل دروست بکەین

21:35 - 21 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پاسدار حوسێن سەلامی جێگری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێران، لە لایەن ئیسرائیلەوە لێدوانێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەلامی یەکێک لە بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران، لە دوای کەوتنەخوارەوی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕێژیم لە لایەن ئیسرائیلەوە، لێدوانێکی دا و ئیددعای کرد، ئێمە هەر هەواڵێک کە لە لایەن ئیسرائیلەوە بڵاو بکرێتەوە تەئیدی ناکەین، ئەگەر سووریەییەکان تەئیدیان کرد، ئێمەش تەئیدی دەکەین، چونکە ئیسرائیلییەکان درۆزنن.

ئەو بەرپرسە نیزامییەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئێمە دەتوانین جەهەنەم بۆ ئیسرائیل دروست بکەین و لەمڕۆ بەدواوە دەتوانین هەموو بنکەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا لەنێو ببەین و جەهەنەمێک بۆ سەهیۆنیستەکان دروست بکەین.

ڕۆژی شه‌ممه ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەرتەشی وڵاتی ئیسرائیل ئاشکرای کرد: فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ڕێژیمی ئێرانیان خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و چه‌ند بنكه‌یه‌كیشیان له‌نێو خاكی سووریەدا بۆردومان كردووه‌.

لەو بارەوە ئه‌فیخای ئه‌دره‌عی، وته‌بێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، له‌ پەیامێکی تویتێریدا بڵاوی کردۆتەوە:‌ ئەرتەشی ئیسرائیل فڕۆكه‌یه‌كی بێفرۆكه‌وانی ڕێژیمی ئێرانی خستووه‌ته‌ خواره‌وه، کە له‌ سووریەوه‌ هاتووه‌ته‌ ئاسمانی ئیسرائیلەوە، به‌ڵام سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی ئیسرائیل تێكی شكاندووه‌ و له‌ سه‌ره‌تای هه‌ستانییه‌وه‌ ئاگاداری بووه‌.

دوای ئەوەی کابینەی سەربازیی ئیسرائیل هێرش بۆ سەر سووریەی واژۆ کرد، بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە جەختی کردەوە، هێرشی زیاتر دژی دیمەشق ئەنجام دەدەن.

هاری کۆرین، باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕووسیەش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئینتێرفاکسـی ڕووسی ڕایگەیاندووە، پرسی هێرش کردنە سەر بارەگای هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریه، لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیه تاوتوێ دەکات.

باڵوێزی ئیسرائیل لە مۆسکۆ جەختی کردۆتەوە، ئەرتەشی وڵاتەکەی بەپێی پێویست پلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه، دەکاتە ئامانج و تێکی دەشکێنێت و ڕێگە نادات ئێران خاکی سووریه بکاتە مەیدانی شەڕەکانی خۆی.