کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران زیندان و گۆڕستانی زانایانە

14:37 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: مامۆستایەکی زانکۆکانی ئێران، کە خاوەن دەیان کتێب و وتاری زانستییە، لە زیندانەکانی ڕێژیم بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لە دەست دا.

ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندان بەناو دادگری گشتیی تاران، عەباس جەعفەری دەوڵەتاوایی، ڕایگەیاندووە: حەوت کەس بە تاوانی سیخوڕی کردن دەسبەسەر کراون، کە ئەم کەسانە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری لە بوارە ستراتیژییەکاندا بوون.

لەم پێوەندییەدا کوڕی سەید کاووس ئیمامی، یەکێک لە مامۆستایانی زانکۆکانی تاران وتوویە: باوکم لە ڕۆژی ٤ی ڕێبەندانی ئەمساڵ دەسبەسەر کرا و خێرا لە ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندان دایکمیان بانگهێشتی دادسەرا کرد و هەواڵی مەرگی باوکمیان پێی داوە، کە گوایە خۆکوژی کردووە، ئەمە لە لای من جێی گومانە و باوەڕ ناکەم باوکم خۆی کوشتبێت.

هێندێ لە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە، کە ئەم حەوت چالاکە بەتایبەت سەید کاووس ئیمامی، ئەندامی ڕێکخراوی حیات وحش میراث پارسیان بوون، کە ئەم ڕێکخراوە لە ماڵپەڕەکەی خۆیاندا ڕایانگەیاندووە، ئامانجیان پارێزگاری کردن لەو ئاژەڵانە بەتایبەت یووزپڵنەگە کە خەریکە بە تەواوەتی لەنێو دەچن.

سەید کاووس ئیمامی، تەمەن ٦٤ ساڵ، بەڕێوبەری پێشووی ئەم ڕێکخراوە و ئەندامی لێژنەی زانستیی زانکۆی ئیمام سادق و نووسەری بواری ژینگەپارێزی، خاوەن دەیان وتار و کتێبی زانستییە.

گیان لە دەستدانی گوماناوی ناوبراو، لەو چەشنە مەرگە گوماناوییانەی زیندانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە، کە ناڕەزایەتیی چالاکانی سیاسی و چاوەدێرانی مافی مرۆڤی لە ئێراندا لێ کەوتۆتەوە، کە هەموویان لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیم بە خۆکوژی ڕاگەیندراون.