کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین بارودۆخی ئێران لە زمانی ئامارەکانەوە

14:40 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەپێی دوایین ئامار و داتاکان، بارودۆخی ئێران و گەلانی ئەم وڵاتە لە بوارەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئازادییە گشتییەکان لەوپەڕی خراپیدایە.

ماڵپەڕی رتبەآنلاین لە کۆمەڵێک خشتە و پلەبەندی نوێدا، ئەوپەڕی شپڕێوی دۆخی ژیان لە ئێرانی هێناوەتە بەرباس.

بەپێی یەکێک لەم خشتانە تێچووی مانگانەی ژیانی تاکێک لە ئێران سەر بە چینی خۆشبژێو، ٨٦ قات زیاتر لە هاووڵاتییەکی سەر بە چینی کەم داهاتە؛ واتە لە حاڵێکدا کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ئێران، تەنیا بیر لە تێرکردنی سکی خۆیان دەکەنەوە، ڕێژەیەکی کەم لەم خەڵکە، گەورەترین گرفتەکانی ژیانیان بریتییە لە هەڵبژاردنی شوێنی حەسانەوەی ساڵانە و مانگانەیان!

سەبارەت بە ڕێژەی مووچەی مانگانەی هاووڵاتییانی ئێران، ئەم سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە کە، ٧٤%ی خانەوارە کەم داهاتەکانی ئێران بێکارن و ٢٦%یش، خانەواری کەم داهاتن کە یەکێک لە ئەندامەکانیان کاری هەیە، واتە لە مانگدا کەمتر لە ٥٠٠ هەزار تمەن داهاتیان هەیە.

لە بەرامبەریشدا، ٨%ی خانەوارە شارییەکان کە زۆربەیان یاسادانەرانی مەجلیس، لێپرسراوانی حکومەتی، بەڕێوەبەرە دەوڵەتییەکان و فەرماندە سەربازی و ئیتلاعاتییەکانن، زۆرترین داهاتی مانگانەیان هەیە کە دەکاتە سەرووی ٦ میلیۆن تمەن.

لە خشتەیەکی دیکەدا، کە باس لە ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا دەکات، رتبەآنلاین ئاشکرای کردووە: بەپێی سەرژمێرییە فەرمییەکانی ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٣٦%ی حەشیمەتی بێکاری ئێران خاوەن بڕوانامەی باڵان، ٢٧%یان تا قۆناغی دیپلۆم دەرسیان خوێندووە و ٥%یش بێسەوادن!

سەرچاوەی ئاماژەبۆکراو لە خشتەیەکی دیکەدا، باسی لە دابەزینی دووبارەی پلەی ئێران لە پێوەری ئابووریی ئازاددا کردووە و دەڵێ: ئێران بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو و بە ئیمتیازی ٥٠/٩ لەبواری ئازادییە ئابوورییەکان، لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٥٦ی وەدەستهێناوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە، دۆخی وڵاتانێکی وەک قەتەر و عەرەبستان و ئیمارات زۆر لە ئێران باشترە.

هەر ئەم سەرچاوە حکومەتییە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە هەندێک ئاماری دیکەدا ئاشکرای کردبوو، کە لەباری سپیکردنەوەی پارە، ئێران بەپێی پێوەرە جیهانییەکان، پلەی یەکەمی هەیە و وەک مەترسیدارترین وڵاتی جیهان بە ئەژمار دێت.

پلەی وڵاتی ئێران لە بواری گەیاندنی زانیاریش لە نێو ١٠٢ وڵاتی جیهان بریتییە لە ٩٩؛ واتە ٣ پلە پێش کۆتایی.