کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم دەیەوێت بە بیمەی عومر جەماوەر بۆ خۆی کۆ بکاتەوە

14:56 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەیەوێت بە باجدان، خەڵک لە ڕێپێوانەکانی ٢٢ی ڕێبەندان بەشدار بکات.

بۆ بەڕێوەچوونی ڕێپێوانی حکوومەتی لە ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان، بەرپرسانی ڕێژیم چەندین ڕۆژە داوا لە خەڵک دەکەن، کە لەو ڕێوڕەسمە بەشدار بن، لەو بارەوە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەندێک لە بەرپرسان لە خەڵک دەپاڕێنەوە؛ بەرپرسانی ڕێژیم بە ئاگاداربوون لەوەی کە زۆرینەی خەڵکی ئێران لە ڕێژیم ناڕازین و بەشدار نابن، پیشنیاری باجیان بە خەڵک داوە.

لەو پەیوەندییەدا، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی بیمەی ناوەندی، لە ڕێگەی شیرکەتەکانی بیمەی ئێران، ئاسیا، ئەلبورز و دانا، کونسرسیومیکیان پێک هێناوە، کە ئەو کەسانەی لەو ڕێپێوانە حکوومەتییە بەشدار بن، بیمەی عومر دەکرێن، هەروەها بیمەی ئەو ڕووداوانەی کە دەبنە هۆی مردن و بیمەی کەمئەندام بوون تا ڕادەی ٢١٠ میلیون تمەن بۆ بەشداربووانی دیاری کردووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە هەموو ساڵێک ڕێژیمی ئێران، بوودجەی تایبەت تەرخان دەکات، بۆ پڕوپاگاندەی ڕێپێوانە حکوومەتییەکان و بە باج و هاندان و خەڵات کردن، لە لایەک سووکایەتی بە عەقڵییەتی خەڵکی ئێران دەکەن و لە لایەکی تریشەوە ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بەربڵاوتر دەکەن.

کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە دین و ئایینی خەڵکیش یەکێکی دیکە لە پیلانەکانی ڕێژیمە بۆ بەشداری کردنی خەڵک، لەو پەیوەندییەدا لەم ڕۆژانە، هەموو لێوەگەرە مەزهەبییەکان (مراجع تقلید) و پێشنوێژانی هەینی سەرانسەری ئێران داوایان لە خەڵک کردووە، کە لە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان بەشدار بن، تەنانەت ئەحمەد عەلمەلهودا، پێشنوێژی مەشهەد، وتوویەتی: کە لە سوورەی تەوبە هاتووە، کە ڕێپێوانی ٢٢ی ڕێبەندان، عیبادەتە و ئەمە قسەی قورئانە و ئەگەر قورئانتان قەبووڵە لەم ڕێپێوانە بەشداری بکەن!

دوای ئەوەی کە گەلانی ئێران لەم دواییانەدا بە دژی دەسەڵات، دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپیشاندان و دروشمی لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامیان دەگوتەوە. ڕێژیم کۆماری ئیسلامی، ڕێپێوانە حکوومەتیەکەی ئەمساڵ، لەو پەڕی کەشوهەوایەکی ئەمنییەتی بەڕێوە دەبات و هەموو هێزە نیزامییەکانی خۆی لە ئامادەباشی داناوە، لە ترسی ئەوەی کە ڕێپێوانەکە لە حاڵەتی حکوومەتییەوە بۆ خۆپیشاندان به دژی دەسەڵات نەگۆڕدرێت.

لەو پەیوەندییەدا لە بەڵگەیەک کە لە فەرماندەیی هێزە ئینتزامییەکانی شاری قوم بڵاو بووەتەوە، داوای لە فەرمانداری شاری قوم کردووە، کە ئەگەری خۆپیشاندان به دژی ڕێژیم هەیە و ڕێژەی هێزەکانمان کەمن و داوا دەکەین، هێزێکی زیاتر دابین بکەن.

بەگشتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە هەموو ڕێگەیەک کەڵک وەردەگرێ بۆ بەشدارکردنی خەڵک و بەشێکی زۆر لە بەشداربووان بە زۆر دەێهێنێتە شەقامەکان؛ هێزە نیزامییەکان، کارمەندی ئیدارەکان، قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆ، لە ڕێگەی بەرپرسەکانیانەوە ناچار دەکرێن کە بەشداری بکەن.