کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ململانییەکانی ئیسرائیل و ڕێژیم ئێران

15:49 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە سووریە بەردەوامە و بەرپرسانی هەر دوو وڵات هەڕەشە لە یەکتر دەکەن.

دوای ئەوەی کە ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ڕێژیمی ئێرانیان لە ئاسمانەکانی ئیسرائیل خستووەتە خوارەوە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و ڕێژیمی ئێران لە سووریە زۆرتر بوون و هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بوردمانی بنکە نیزامییەکانی ئێرانیان لە سووریە دەست پێ کردووە.

دوای ئەم ئاڵۆزییانە، بەرپرسانی هەر دوو وڵات هەڕەشە کردن لە یەکتریان دەست پێ کردووە؛ لەم پێوەندییەدا بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی فوریەی ٢٠١٨ی زایینی، دوای دانیشتن لەگەڵ وەزیری بەرگری و بەرپرسی ناوەندی ئەرتەشی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، کە ئیسرائیل بە دوای ئاشتی دایە، بەڵام لە هەمبەر هەر هێرشێک ڕادەوەستێ و بەرگری دەکات، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ڕێگە بە ئێران نادەن، هێزە نیزامییەکانی خۆی لە سووریە جێگیر بکات.

لەو پەیوەندییەدا، باڵوێزی ئیسرائیلیش لە ئاڵمان، لە وتووێژیکی تەلەفزیۆنیدا، باسی لەوە کردووە، کە ئەگەر ئێران هێزەکانی لە سووریە نزیکی سنووری ئیسرائیل جێگیر بکات، بە توندترین شێوە وڵامی دەدەینەوە و کردەوەکانی ڕێژیمی ئێران و پاڵپشتی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی حیزبوڵڵا و حەماس بە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیریی ناوچەکەی ناو برد.

دوای ئەوەی کە وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئۆپراسیۆنی نیزامی ئێران و سووریەی بە دژی ئیسرائیلی بە کایەکردن لەگەڵ ئاگر زانی، جێگری فەرماندەی سپای پاسدارانیش، هەڕەشەی لە ئیسرائیل کرد؛ حوسێنی سەلامی، جێگری فەرماندەی سپای پاسداران، لە لێدوانێکدا هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاند، کە ئیران دەتوانێت ئیسرائیل بکاتە جەهەنەم و هەروەها دەتوانین بنکەکانی ئامریکاش لە ناوچەکە لەنێو ببەین.

پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاش، لەسەر تێکەڵچوونەکانی ئیسرائیل و ئێران، پاڵپشتی خۆیان لە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە و باسیان لەوە کردووە، کە وڵاتەکەیان لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل، بە هەموو تواناوە بەرگری دەکەن و ناهێڵێن ڕێژیمی ئێران دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت.