کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی ڕێپێوانێک لە وڵاتی سویس بەڕێوەچوو

20:35 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ساڵرۆژی شۆڕشی گەلانی ئێران و بۆ پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی لە ناو گرتووخانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئسلامیی ئێراندا لە وڵاتی سویس ڕێپێوانێک بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاتژمێر ٢ی پاشنیوەڕۆ لە مەیدانی کازینۆ پلاتسی شاری بێرن لە وڵاتی سویس خۆپیشاندانێک بە بۆنەی ساڵرۆژی شۆڕشی گەلانی ئێڕان و بۆ پشتیوانی لە زیندانی سیاسیی کورد بە گشتی و بە تایبەتی ڕامین حوسێن پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵا پوور لە لایەن یەکیەتیی هێزە دێموکراتەکانی ئێرانی لە وڵاتی سویس بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکە چەندین وتار پێشکەش کرا، لە بەشی وتاری هێز و لایەن سیاسییەکان ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن موختار ڕاوەش ئەندامی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سویس پێشکەش کرا.

لە درێژەی خۆپیشاندانەکە بڕیار نامەی خۆپیشاندەران بە زمانەکانی ئاڵمانی، کوردی و فارسی پێشکەش کرا.