کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ڕێژیمی ئێران بۆ خەڵکی ناوچەکە مەترسیدارە

21:30 - 22 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، کە ڕێژیمی ئێران بۆ خەڵکی ناوچەکە مەترسیدارە.

هدر نائورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە لێداونێکدا جەختی کردۆتەوە، کە واشنتۆن به هەموو هێزەوە پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی دەکات و ڕێژیمی ئێران بۆ خەڵکی ناوچەکەش بە مەترسیدار زانی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوەش کردووە، هەڕەشەکانی ئێران و زێدەخوازییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی زیاتر، هەموو ناوچەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

ڕۆژی شه‌ممه ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەرتەشی وڵاتی ئیسرائیل فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ڕێژیمی ئێرانیان خسته‌ خواره‌وه‌ و چه‌ند بنكه‌یه‌كی ئیرانیشیان له‌ نێو خاكی سووریه بۆردمان كرد.

پنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکاش، لەسەر تێکەڵچوونەکانی ئیسرائیل و ئێران، پاڵپشتی خۆیان لە ئیسرائیل ڕاگەیاندووە و باسیان لەوە کردووە، کە وڵاتەکەیان لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل، بە هەموو تواناوە بەرگری دەکەن و ناهێڵێن ڕێژیمی ئێران دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت.

تا ئێستا ئیسرائیل چەندین جار بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمی ئێرانی، لە سووریە بوردمان کردووە و هۆشداری داوە، کە بنکە و چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سنووری سووریە و بەرزاییەکانی گوڵان، مەترسییەکە بۆ سەر ئیسرائیل و ئێمە بەرپەرچی ئەو چالاکییانەی ڕێژیم دەدەینەوە.

هاری کۆرین، باڵوێزی ئیسرائیل لە ڕووسیەش لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئینتێرفاکسـی ڕووسی ڕایگەیاندووە، پرسی هێرش کردنە سەر بارەگای هێز و میلیشیا ئێرانییەکان لە سووریه، لەگەڵ بەرپرسانی ڕووسیه تاوتوێ دەکات.

باڵوێزی ئیسرائیل لە مۆسکۆ جەختی کردۆتەوە، ئەرتەشی وڵاتەکەی بەپێی پێویست پلانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه، دەکاتە ئامانج و تێکی دەشکێنێت و ڕێگە نادات ئێران خاکی سووریه بکاتە مەیدانی شەڕەکانی خۆی.