کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شارەکانی هامبورگ و شتۆتگارت ڕێپێوان بەڕێوەچوو

14:17 - 23 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بۆ پشتگیری لە دوو زیندانیی سیاسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی و هەروەها پشتیوانی لە عەفرین و مەحکووم کردنی هێرشی داگیرکاریی حکوومەتی تورکیه بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێپێوانێک لە وڵاتی ئاڵمان بەڕێوەچوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری شتۆتگارت ڕێپێوانێک بۆ پشتگیری لە هەر دوو زیندانیی سیاسی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور و ڕامین حوسێن‌پەناهی و هەروەها پشتیوانی لە عەفرین و مەحکووم کردنی هێرشی داگیرکاریی حکوومەتی تورکیه بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.

لەو ڕێپێوانەدا بە بەرزکردنەوەی وێنە و تراکتی تایبەت بە ڕامین و هیدایەت کە بە زمانەکانی ئاڵمانی و کوردی لەسەریان نووسرابوو، لە چەند شەقامێکدا ڕێپێوانیان کرد.

کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ئاڵمان، ڕێپێوانەکەیان ڕێک خستبوو و ژمارەیەکی زۆری ئاڵمانی و کوردی نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بەشداریان تێدا کرد.

ڕۆژی یەکشەممەش رێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری هامبورگ، گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە ڕاپەرینی گەلانی ئێران و مەحکووم کردنی جەنایەتەکانی ڕێژیم دەرهەق بە زیندانییانی سیاسی و بەتایبەت سەپاندنی حوکمی ناڕەوای لەسێدارەدان بەسەر ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بەڕێوەچوو.

ڕێپێوانی ئاماژەپێکراو لە لایەن کۆمیتەی هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییە ئێرانی و کوردستانییەکانی شاری هامبورگ ڕێکخرابوو.

لەو ڕێپێوانەدا ڕاگەیندراوی ناوەندی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، کە بە بۆنەی ساڵیادی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە ماڵپەری کوردستان میدیا بڵاو کرابووەوە لە لایەن ڕامیار مینبەری ئەندامی حیزبی دێموکرات بە زمانی فارسی خوێندرایەوە.