کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای قەزایی ڕێژیم دەستی بە سەر خانووبەرەی هاووڵاتییەکی کورددا داگرت

14:18 - 23 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران حوکمی دەستبەسەر داگرتنی کەرەستە و خانووبەرەی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشاری دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، کەرەستە و خانووبەرەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عوسمان ڕەحمانی کوڕی ئەبووبەکر خەڵکی گوندی زێوەی شاری پیرانشار لە لایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستی بە سەر داگیرا.

لە ڕاستای بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە، دەزگای قەزایی ڕێژیم، نامەیەکی نهێنی بۆ ژووری بازرگانیی شاری پیرانشار ناردووە و بە یەکەکانی ئەو سێنفه، بۆنگاکانی خانووبەرە و پێشانگاکانی ماشێن هۆشداری داوە، لە ئەگەری هەر جۆرە کڕێن و فرۆشتنی کەرەستەی خانوبەرە و ماشێن و کێلگەی پەلەوەری ئەو هاووڵاتییه کورد خۆیان ببوێرن و ئۆباڵی هەر جۆرە بەرپرسایەتییەک دەکەوێتە سەر شانی خاوەن یەکە سێنفییەکان.

عوسمان ڕەحمانی پاش شەڕ و تێکهەڵچوونی نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ سپای تێرۆریستی پاسداران لە گوندی زێوەی شاری پیرانشار و کوژرانی ژمارەیەک لە ئەندامانی ئیتلاعات سەر بە وەرزاتی ئیتلاعات بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهشت.

شەڕو تێکهەڵچوونی نێوان پێـشمەرگەکانی حدکا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی بەفرانباری ئەمساڵ ڕوویدا.