کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەر کردنی کەسە بلیمەتەکان لە ئێراندا بەردەوامە

16:04 - 23 رێبەندان 2717

کوردستانی میدیا: نوێنەری شاری تاران لە مەجلیسی ڕێژیم، هەواڵی دەسبەسەر کردنی جێگری ڕێکخراوی ژینگەپارێزی پشتڕاست کردەوە.

پاش ئەوەی که هەواڵی دەسبەسەر کردنی حەوت کەس لە چالاکانی ژێنگەپارێزی که ئەندامی ناوەندێکی نادەوڵەتی بوون، لە ڕاگەیندراوەکاندا بڵاو بوویەوە، مەحموود سادقی نوێنەری شاری تاران، لە مەجلیسی ڕێژیم، لە تویتەکەی خۆیدا باسی لە دەسبەسەر کردنی کاوە مەدەنی جێگری فێرکاری و توێژینەوەی ڕێکخراوەی ژینگەپارێزیی ئێران کردووە.

ئەم نوێنەرەی مەجلیس نووسیویە: لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەواڵی دەسبەسەر کردنی کاوە مەدەنیم لە زاری عیسا کەڵانتەر بیست، بەڵام چەند کاتژمێرێک پاش تویتەکەی سادقی، پێوەندییە گشتییەکانی ڕێکخراوی ژێنگەپارێزی ئەم هەواڵەیان ڕەت کردەوە.

لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە جەعفەری دەوڵەتاوایی، بەناو دادگری گشتیی تاران، هەواڵی دەسبەسەر کردنی حەوت کەسی بە تاوانی سیخوڕی ڕاگەیاند، کە لەژێر ناوی کاری توێژینەوەی زانستی و ژینگەپارێزییەوە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر بەشە ستراتیژییەکان بوون.

کاوە مەدەنی توێژەری ژینگەپارێزی و دەرچووی زانکۆی ئەمپریاڵی لەندەن، لە بەشی مودیرییەتی ئاو و ژینگەپارێزییە. ناوبراو لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینییەوە لە لایەن یەکیەتیی زانستی ژئۆلۆژیی ئورووپا (EGU) وەکوو یەکێک لە چوار زانا گەنج و بەرجەستەکان لەو بوارەدا ناسراوە.

مەدەنی پاش گەڕانەوە بۆ ئێران هاوکات لەگەڵ گۆڕینی بەرپرسی گشتیی ژینگەپارێزی لە دەوڵەتی حەسەنی ڕۆحانی وەکوو جێگری ئەو ڕێکخراوەیە هەڵبژێردرا.

ناوبراو سەبارەت بە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ قەیرانی ئاو، خاوەن بۆچوونی جیاواز لە بۆچوونی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە. بە باوەڕی مەدەنی، ڕێژیمی ئێران تووشی نیشانەکانی نەخۆشیی مودیرییەتی هیدرۆلیکی بووە و بۆ چارەسەریی ئەم نەخۆشییە ڕوویان لە بەنداوسازی و گواستنەوەی ئاو کردووە، ئەو دەستکاری پێکهاتەی دەسەڵاتداریەتی ئاو بە یەکێک لە چارەسەرەکان دەزانێت و لەسەر ئەو باوەڕەیە، کە بە جیگەی خۆبژیوی، ڕێژیمی ئێران دەبێت ڕوو لە گۆڕینی خواردن و وزە و دیپلۆماسی بکات.