کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل کاتز: دەرسێک بە ئێران دەدەین قەت لە بیری نەکات

21:10 - 23 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: یەکێک له وەزیرەکانی وڵاتی ئیسرائیل، ڕوو لە ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: دەرسێک بە ئێران دەدەین قەت لە بیری نەکات.

ئیسرائیل کاتز ئەندامی کابینەی ئەمنییەتی نیشتمانیی ئیسرائیل لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی عەرەبی زەمانی ئەلف لە لەندەن، باسی لەوە کردووە: ئەگەر ئێران درێژە بە هەڕەشەکانی خۆی بدات و لە خاکی سووریه عەمەلیاتی نیزامی دژی ئیسرائیل ئەنجام بدات دەرسێک بە ئێران دەدەین قەت لە بیری نەکات.

کاتز باسی لەوەش کردووە، وڵاتەکەی ئەو حەزی لە شەڕ لەگەڵ تاران نییە، بەڵام وادیارە تاران هێڵە سوورەکان دەبەزێنێت.

پێشتریش بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئسیرائیل لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئانگێلا مێرکێل، ئیمانۆئێل ماکڕۆن و ترێزا مەی، نیسبەت به شەڕ و ئاژاوەی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا و بەتایبەت مووشەکە بالستیکییەکانی ئەو ڕێژیمە لە لوبنان هۆشداری داوە.

ڕۆژی ڕابردووش هێدر نائورت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە لێداونێکدا جەختی کردەوە، کە واشنتۆن به هەموو هێزەوە پشتیوانی لە مافی ئیسرائیل بۆ بەرگری لە خۆی دەکات و ڕێژیمی ئێرانی بۆ خەڵکی ناوچەکەش بە مەترسیدار زانی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا باسی لەوەش کردووە، هەڕەشەکانی ئێران و زێدەخوازییەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی زیاتر، هەموو ناوچەکەی خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

ڕۆژی شه‌ممه ڕێکەوتی ٢١ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ئەرتەشی وڵاتی ئیسرائیل فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ڕێژیمی ئێرانیان خسته‌ خواره‌وه‌ و چه‌ند بنكه‌یه‌كی ئیرانیشیان له‌ نێو خاكی سووریه بۆردمان كرد.