کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهرام قاسمی: عێراق ئاوەدان دەکەینەوە

14:37 - 24 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کۆماری ئیسلامی دەیهەوێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نوێدا و بە کاولکاری زیاتر لە ئێران، عێراق ئاوەدان بکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی تاران، وێڕای ڕاگەیاندنی بەشداریی جەواد زەریف لە کۆنفڕانسی نۆژەنکردنەوەی عێراق، باسی لەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی لە ڕاستای ئاوەدان کردنەوە و گەشەپێدانی ئابووریی عێراق، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕیت و داواش لە کۆڕە نێونەتەوەییەکان دەکات، لەم ڕاستایەدا هەنگاوی بەپەلە هەڵگرنەوە.

وتوویشیەتی: ئێمە بە پێویستی دەزانین، کە وەک ڕابردوو لە تەنیشت خاک و خەڵک و دەوڵەتی عێراقدا بین و هاوشێوەی بیاڤە سیاسی و ئەمنیەتییەکان، لە ڕاستای نۆژەنکردنەوە و گەشەی ئابووریی عێراق و ڕاکێشانی سەرنجی سەرمایەدانەرە دەرەکییەکان، یارمەتیدەریان بین!

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە و دانی بەڵێنی بۆ تەرخان کردنی بودجە و سامانی گشتیی وڵاتی ئێران، لەمەڕ چارەسەری کێشەکانی وڵاتێکی تر لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، لەکاتێکدایە کە هەنووکە دۆخی ئابووریی، سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئێران، لەوپەڕی خراپیدایە.

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا بڕیار دەدات کە کاولکارییەکانی خۆی و گرووپەکانی و هەروەها داعش لە عێراقدا چاک بکاتەوە، کە هێشتا نەیتوانیوە ئاوڕێکی جیددی لە دۆخی شپڕێوی وڵاتەکەی، بۆوێنە بوومەلەرزەلێدراوانی کرماشان بداتەوە.

ئەم هەوڵە نوێیەی ڕێژیم بۆ ئاوەدان کردنەوەی عێراق لە کاتێکدایە، کە بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی ئیسنا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی هاوسەنگیی بازرگانیی ئێران هەزار لەسەد کەمی کردووە، ٨٠ لەسەدی نەخۆشخانەکانی تاران سیستمی پاراستنیان نییە و ئێران بەبەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو لەبواری ئازادییە ئابوورییەکان، لە نێو ١٨٠ وڵاتی جیهان، پلەی ١٥٦ی وەدەستهێناوە.