کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرت/ \"ڕێفراندۆم\"، ڕۆحانی دیسان خۆڵ لە چاو خەڵک دەکات

15:01 - 24 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە، ڕێفراندۆم ئەنجام بدرێت، سپای پاسدارانیش ڕایگەیاندووە، ئەو قسەیە هیچ بایەخێکی نییە.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاویان کردۆتەوە کە حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیم وتوویەتی: ڕێفراندۆم تەنیا ڕێگای چارەسەریی کێشەکانه، لە کاتێکدا دیار نییە، مەبەستی لە ڕێفراندۆم چییە و بۆچییە؟

ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، دوای ئەو لێدوانەی ڕۆحانی باسی لەوە کردووە، قسەکردن لەسەر ڕێفراندۆم نە مشورخۆرییە و نە حەزە، خودی قسەکە هیچ بایەخێکی نییه.

لە دوای دەسپێکردنی شەپۆلی ناڕەزاییەتییەکانی خەڵک دژی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ویستی ڕووخانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە لایەن خەڵکەوە، بەرپرسان و دامودەزگاکانی ئەو ڕێژیمە لێدوان و پیلانی جیاجیا دەگرنە بەر.

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە وتاری خۆیدا لە ٢٢ی ڕێبەنداندا باسی لەوە کرد، کە ڕێگەی دەرچوون لە قەیرانی ئێستەدا، بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆمە و لە کاتی ئەو لێداوانەدا خەڵک دروشمی درۆزن. درۆزنـیان دژی ناوبراو بەرز کردەوە.

ڕۆحانی لە قسەکانیدا باسی ئەوەی کرد، کە پێویستە بۆ چارەسەریی هێندێ بابەت ڕێفراندۆم بکەین، ناوبراو بە ڕوونی باسی لەو کردەوە، کە مەبەستی ماددەی ٥٩ یاسای بنەڕەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە، ماددەی ٥٩ باس لەو دەکات، کە بەناو هێزی یاسادانان واتە مەجلیس و شۆرای نیگابانی ڕێژیم دەتوانن بۆ چارەسەریی هێندێ قەیرانی ئابووری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بەو مەرجەی ٢ لەسەر سێی ئەندامانی مەجلیس دەنگی ئەرێ بدەن ڕێفراندۆم لە ئێراندا بەرێوە ببەن و دەنگی خەڵک لەسەر ئەو بابەتە وەربگرن.

ڕێفراندۆم لە کاتێکدا کە ئامرازێکی یاسایی بۆ جێبەجێ کردنی دێموکراسی لە وڵاتێکە، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێفراندۆم هەڕەشەیەک بۆ سەر خەڵکیشە، نموونەی ئەو ئیددعایە ڕێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوییه کە ڕێژیمێکی دیکتاتۆری مەزهەبی خۆی بە سەر خەڵکی ئێراندا سەپاند.

بەرپرسانی ڕێژیم لە قسە و باسی ڕێفراندۆم کات دەکڕن و بەم شێوەیە بازاڕی سیاسیی نێوخۆ بە سوودی خۆیان گەرم دەکەن تا درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.

لە دوای ئەو لێدوانە بێبنەمایەی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، عیزەتوڵڵا زەرغامی سەرۆکی پێشووی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم و یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران، باسی لەوە کردووە، ئەو قسەیەی ڕۆحانی لە بەرانبەر حزووری ١٠ میلیۆن کەسیی خەڵک لە ٢٢ی ڕێبەنداندا، هێچ جێگەی سەرنج نییه.

ماڵپەڕی مشرق لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، قسەکانی ڕۆحانی لە بارەی ڕێفراندۆم هەڵهاتن بۆ پێشەوەیە و وەبیرهێنانەوەی خەزێنەی خاڵییە، لە دانۆستانەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەتا ئێستەش ناوبراو وڵامدەری دۆخی ئابووریی خەڵک نەبووە.

حوسێن شەریعەمەتداری بەرپرسی ڕۆژنامەی کیهان لەو بارەوە بە حەسەن ڕۆحانی وتووە : بە وتنی وشەی ڕێفراندۆم بێڕێزیت بە خەڵک کرد.

محەممەدڕەزا سەرشار یەکێک لە نووسەران و ڕەخنەگرانی ئەدەبیی سەر بە ڕێژیم دوای قسەکانی ڕۆحانی لە بارەی ڕێفراندۆم لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە روحانی بازهم جوگیر شد!

حوسێن شەمسیان لە بارەی ڕێفراندۆمی ڕۆحانی بڵاوی کردۆتەوە، حەسەن ڕۆحانی سازی ڕێفراندۆمی کووک کردووە، بەڵام حەشیمەتی خەڵک بۆ پشتیوانی لە نیزام نابێنێت؛ دیسانیش با بفەرمێت ڕێفراندۆم بۆچی ئەنجام بدات؟ بۆ دۆلاری ٥٠٠٠ هەزاری؟ بۆ مریشكی ٨٦٠٠ تمەنی؟ بۆ سیخوڕەکانی کە لە نێو ئۆرگانە باڵاکانی نیزامدان؟ بۆ درۆکانی؟ یا سەرجەم گەندەڵکارییەکانی؟

چالاکانی سیاسی لەو باوەڕەدان کە گۆڕان لە ئێران هێشتاش هەر پرسێكی تارانییە. بەو مانایە كە هێشتا ئەقلییەتی ناوەندگەراییە كە كرۆكی گۆڕان بۆ كۆمەڵگا دەكێشن. ئەمە لە كاتێكدایە كە كورد لەم ڕۆژەڤانەدانە نە خاوەن پێگەی فكری و نە خاوەن پێگەی سیاسییە. بۆیە وڵامدانەوەی دەبێ لە ڕۆژەڤدا بێ.

هەروەها ئەوەی که لە ئێستەدا دەبینرێ ئەوەیە كە پرۆژەی گۆڕان و گوتاری گۆڕان ئەگەر بەم شێوەی ئێستا بچێتە پێشەوە بە هیچ شێوەیەك لە قازانجی كورد ناچێتە پێش و یەكانگیریی نییە لەگەڵ ئەوەی كورد وەك یەكگرتنی نەتەوەكان بۆ گۆڕان داوای دەكات. بۆیە كاتێك دەكرێ بیر لە ڕێفراندۆم بكرێتەوە، كە كورد ڕۆڵ لە گۆڕینی ئەو گوتارەی دەوڵەت-نەتەوەییەی کە ئێرانی لەسەر بونیات نراوە، بگێڕێت.

ئەوەی کە ڕوون و ئاشکرایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی خۆی دەستی بە پیلان و چەواشەکاری کردووە و بەبێ ئەوەی کە مەبەستی چارەسەریی کێشەکان بێت، لە بیری مانەوەی نیزامی خۆی دایە. هەروەها بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هیچ کات کارێک بە ناوی ڕێفراندۆم ئەنجام نادەن، هەتا بە ڕاشکاوی وڵامی نا لە خەڵک وەربگرنەوە.