کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکرات لە هەورامان

15:55 - 24 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دایە ئامینە حسەینی دایکی دوو شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و خوشکی سێ شەهید له ناوچەی هەورامان، دڵی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، دایه ئامینه حسەینی، دایکی شەهیدان عەزیز و محەممەد سەلیمی و هەروەها خوشکی شەهیدان تاهیر، سابیر و مستەفا حسەینی به هۆی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

دایە ئامینه، ژنێکی شۆڕشگێڕ، به وره و وەفادار به ڕێبازی کوڕ و برا شەهیدەکانی بوو و ڕێزێکی تایبەتی له نێو خەڵکی ناوچەکه و دەورووبەری هەبوو؛ تەرمی ئەو شێرەژنه لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا به خاک سپێردرا.

شەهید عەزیز سەلیمی، خەڵکی گوندی نۆسمه؛ ناوبراو پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و کادری دەرەجه ٤ی حیزب بوو که له ڕێکەوتی ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٦٨ی هەتاوی له قسڵانی کوردستانی باشوور به هۆی تەقینەوەی مین شەهید بوو.

شەهید محەممەد سەلیمی، خەڵکی گوندی نۆسمه؛ ناوبراو پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکرات بوو که له ڕێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٥٩ی هەتاوی له پیرپرچن ئێعدام کرا و گڵکۆی له قەڵای جوانڕۆیه.

شەهید سابیرحسەینی برای دایە ئامینە، ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی له گوندی دەگاسیاوی ناوچەی هەورامان لەدایک بووه؛ ناوبراو جێگری هێزی پێشمەرگه لە هێزی هەورامان بووه که له ڕێکەوتی ٢١ی خەرمانانی ١٣٦٢ی هەتاوی، له شوێنێک به ناوی گوندی چناره شەهید بوو و گڵکۆکەی له سازانی عێراقه.

شەهید مستەفا حسەینی، له وارامچەی ناوچەی هەورامان لەدایک بووه؛ ناوبراو فەرماندەی دەستەیەک له پێشمەرگەکان بوو که له ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، له شوێنێک به ناوی بندەره شەهید بوو و گڵکۆکەی له ساتیاریدایە.

شەهید تاهیرحسەینی، له وارامچەی ناوچەی هەورامان لەدایک بووه؛ ناوبراو ڕێکەتی ٩ی خاکەلێوەی ١٣٦٢ی هەتاوی، له شوێنێک به ناوی گوندی ماسان شەهید بوو، گڵکۆکەی له ڕێشاوێی عێراقه.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پرسه و سەرەخۆشی خۆی له بنەماڵه، خزم و کەسوکاری دایه ئامینه حسەینی دەکات و خۆی به شەریکی خەمیان دەزانێت.