کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵەکانی ڕیژیم بۆ شاردنەوەی مردنی گوماناوی کاووس سەیدئیمامی

16:02 - 24 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ئەمنییەتی بنەماڵەی کاووس سەیدئیمامیـیان خستووەتە ژێر گوشارەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر و بە بێدەنگی مەراسمی پرسە و بەخاکسپاردنی ناوبراو بەڕێوە ببەن.

پاش ئەوەی کە ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەواڵی مردنی کاووس سەیدئیمامی لە زینداندا، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندراوە، بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی ئەو بنەماڵەیان خستووەتە ژێر گوشارەوە، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ناوبراو بەڕێوە ببەن.

کاووس سەیدئیمامی، دوکتورای کۆمەڵناسی و مامۆستای زانکۆی ئیمام سادقی تاران و هەروەها کەسایەتی بەرچاوی ژینگەپارێزیی ئێران، ڕێکەوتی ٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لەگەڵ ٧ کەس لە هاوکارەکانی بە تۆمەتی سیخوڕی لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەر کرابوو، بەڵام هەینی ڕابردوو هەواڵی خۆکوژی ناوبراو لە زیندانی تاکەکەسیدا، لە لایەن بەرپرسانی بەندیخانە و بەناو دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە.

هەواڵی خۆکوژی سەیدئیمامی ئەوەندە باوەڕپێنەکراو و گوماناوییە، کە بنەماڵەی ناوبراو، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ و تەنانەت دەوڵەتی کاناداش داوایان کردووە، هەتا لێکۆڵینەوەی پزیشکی و یاسایی لەسەر چۆنیەتی مردنی گوماناوی کاووس ئەنجام بدرێت، بەڵام بەرپرسانی قەزایی و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی سەیدئیمامی زیاتر کردووە، بۆ ئەوەی هەرچی زووتر تەرمی ناوبراو بە خاک بسپێردرێت.

هادی قائمی، بەرپرسی کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە: ئێستە تەنیا کانادا دەتوانێ پێش لەوەی بگرێت کە تەرمی سەیدئیمامی بە خاک بسپێردرێت، داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆیانە لەسەر ئەم مردنە گوماناوییە بکات و مەراسمی بەخاکسپاردنی ڕابگرێت، ئەگەر تا ٤٨ کاتژمێری دیکە لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کارێک نەکرێت، ڕیژیمی ئێران دەتوانێ ئەم جەنایەتە بشارێتەوە و خۆی دەرباز بکات.

شایانی باسە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بە دەیان کەسایەتی دوو ناسنامەیی (ئێرانی – بیانی)، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، تۆمەتی سیخوڕیان وەپاڵ دراوە و دەسبەسەر کراون، کە هەتا ئێستا چەندین کەسیان لە زیندانەکانی ڕیژیمی ئێراندا بە شێوەی گوماناوی مردوون و بەرپرسانی ڕیژیم ئەو مردنانە بە خۆکوژی ڕادەگەینن.

لە لایەکی ترەوە مردنی گوماناوی کاووس سەیدئیمامی لە زیندان، لەگەل مردنی گوماناوی گیراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ لە زیندانەکاندا هاوکاتە، کە تا ئێستە بۆ هەموو لایەک بە شاراوەیی و گومانەوە ماونەتەوە.