کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەکی کیمیایی لە سووریە، هێرشی فەڕانسەی لەگەڵە

14:31 - 25 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دەوڵەتی فەڕانسە ڕایگەیاندووە، ئەگەر ڕێژیمی بەشارئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێنابێت، هێرشی دەکەینە سەری.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردۆتەوە کە ئەمانۆئێل ماکرۆن\'\'، سەرکۆماری فەڕانسە وتوویەتی: ئەگەر بسەلمێنرێت چەکی کیمیایی لە سووریه بەکارهاتووە، هێرشی سەربازیی دژی سووریه ئەنجام دەدەین.

سەرکۆماری فەڕانسه ماکرۆن باسی لەوەش کردووە: ئەگەر چەکی کیمیایی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە سووریه بەکار بهێنرێت ئەوە فەڕانسه هێرشی سەربازی ئەنجام دەدات.

سەرکۆماری فەڕانسه ڕوونی کردۆتەوە، کە هەتا ئێستە هیچ بەڵگەیەکی نەبینیوە، کە بیسەلمێنێت لە سووریه چەکی کیمیایی بەکار هاتووە.

حەتووی ڕابردوو، ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرکۆماری ڕووسیە ولادێمیر پووتین، نیگەرانیی خۆی لە بارەی ئەو بەڵگانەوە دەربڕی، کە لەسەر بەکارهێنانی بۆمبی کلۆر هەن و لەم دواییانەدا دژی هاووڵاتییانی مەدەنی لە سووریه کەڵکیان لێ وەرگیراوە.

تەنانەت چەند وڵاتی وەک بریتانیا، تورکیە، ئامریکا، فەڕانسە، ڕێکخروای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەرتشی ئازادی سووریە، ڕێکخراوی پێشگیری لە چەکی ناوکی و شۆرای ئەمنییەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان کردۆتەوە، کە ڕێژیمی ئەسەد بە دژی خەڵکی مەدەنی چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، بەڵام هیچ هەڵوێستێک لەو بارەوە دژی ئەسەد نەگیراوە.

پێشتر لێکۆڵینەوەکانی شۆرای ئەمنییەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەری خستبوو، کە ڕێژیمی ئەسەد ٣ جار بە چەکی کیمیایی هێرشی کردۆتە سەر ئەو ناوچانەی کە دژبەرانی ڕێژیمەکەی تێدا بوون.

لە دەسپێکی شەڕ و تێکەڵچوونەکان لە سووریە، ڕێژیمی بەشارئەسەد و هاوپەیمانانی، بەردەوام لە لایەن کۆمەڵگای جیهانی و کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە جەنایەتی جەنگی و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانبار کراون.

کەڵکوەرگرتن لە گازی کوشندەی کلۆر وەکوو چەکێکی کیمیایی کوشندە، لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە قەدەغە کراوە و ڕێژیمی سووریە لە ساڵی ٢٠١٣دا پاش هەڕەشەکانی ئامریکا ناچار بوو کۆنوانسیۆنی قەدەغەبوونی چەکە کیمیاییەکان واژۆ بکات.