کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی ژیانی کاسبکاران پاش داخستنی سنوورە نافەرمییەکان

14:37 - 25 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ژیانی کاسبکارانی سەر سنوور و ئەو بازاڕییانەی کە چالاکییەکانیان گرێدراوە بە ڕێژەی چالاکی کاسبکاران، لە پاش داخستنی سنوورە نافەرمییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تووشی تەنگ‌وچەڵەمەی زیاتر بووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی مەیدانی پاش ئەوەیکە حکومەتی ئاخوندی، لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەروازە سنورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان داخست، ڕاوەستانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم دەروازە سنورییانەوە بووەتە هۆی ئەوەیکە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێکار ببن.

دەسەڵاتدارانی تاران سەرەڕای وەزعی شپرزەی ئابووریی ئێران بە هۆی ناهەماهەنگی و سەرلێشێواوی و گەندەڵی ئیدارییە ناوخۆییەکانی خۆیان و بە بیانوی ئەمنییەتی ئەو دەروازە سنورییانەیان داخستووە. بەبڕوای شارەزایانی بازاڕ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەگەرچی لە واقعدا ئابووریی ئێران بە کردەیی لەنێوچووە بەڵام بە کرانەوە مانەوەی ئەو دەروازە بازرگانییانە دەتوانێ خەڵکانێک بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات.

بەبڕوای ئەو کەسانە بێکاری، گرانی، هەڵاوسانی بازاڕ و داتەپینی کەرتی وەبەرهێنان، دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی و زۆر پرسی دیکەی هاوچەشن، لە بەڕێوەبەریی هەڵەی کاربەدەستانی حکومەتییەوە سەرچاوە دەگرن کە خەڵکی بێ دەرەتان، بە هەموو شێوەیەک باجی ئەو نەزانکارییانە دەدەن.

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، ئەمجارەیان حکومەتی ئاخوندی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی بەغدا و بە مەبەستی خوڵقاندنی قەیرانی زیاتر لە باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەروازە سنورییەکانیان داخستووە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان لە شارەکانی پاوە، جوانڕۆ، پیرانشار، سەقز و بانە، مەریوان، سەردەشت و تاد خەڵکێکی زۆر بێکارن و ڕۆژانە دەچنە بەردەم فەرمانداریی ئەو شارانە، بەڵام هێشتا وڵامێکی ڕوونیان لە بەرپرسانی فەرمانداری وەرنەگرتووە.

شارەزایەکی کاروباری بازاڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لەمبارەوە وتوویەتی: ئەگەرچی کرانەوەی ئەو بازارچە مەرزییانە ناتوانێت وەزعی ژیان و گوزەرانی خەڵک باش بکات بەڵام بەردەوامی ئەم دۆخەش دەتوانێت ژیانی خەڵکی ڕۆژهەڵات تووشی مەترسی زیاتر بکات.