کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکاری ناڕەزایەتیە خەڵکیەکانی بەفرانباری ئەمساڵ چی بوون؟

14:41 - 25 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دەسنیشان کردنی هۆکاری سەرەکی هاتنە سەر شەقام و ناڕەزایەتی دربڕینەکانی خەڵکی ئێران دژ بە ڕێژیم، لە بەفرانباری ئەمساڵدا، بووەتە جێگای بایەخ و سەرنجی لێکۆڵەران و سیاسەتوانانی ئێرانی و بیانی.

دوکتور جەواد ساڵحی‏ ئیسفەهانی، لە نووسراوەیەکدا باسی لەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدانەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، چاوەڕوانییە جێبەجێنەکراوەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ئێراندایە.

ناوبراو، بە سەرنجدان و لێکدانەوە لەسەر داتا ئابوورییەکانی ئێران پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، بەو ئاکامە گەیشتووە کە هۆکاری سەرەکی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ دەتوانێ بەهۆی زێدەبوونی ڕێژەی بێکاری و هەروەها بەرزبوونەوەی چاوەڕوانییە جێبەجێنەکراوەکانی خەڵکی ئێران بێت.

لەحاڵێکدا کە زۆربەی چاودێرانی سیاسی، هۆکاری سەرەکی ئەو سەرهەڵدانانەیان بۆ زێدە بوونی هەژاری لە ئێران زانیوە، ساڵحی ئیسفەهانی هۆکاری ئەو سەرهەڵدانانەی بۆ شکستی ڕێژیم لە ڕێککەوتننامەی بەرجام گەڕاندۆتەوە.

پاش بەرجام، رووحانی بەڵینی باشتربوونی ژیانی خەڵکی دابوو و بەڵێنی دابوو کە پارە ئازادکراوەکان بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرێن، بەڵام بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی کە حکوومەتی ترامپ بۆ چۆنیەتی خەرج کرانی ئەو پارانە کردوویەتی دەرکەوتووە، پارەکان تەخشان و پەخشان کراون و نەک بۆ خەڵکی ئێران بەڵکوو بۆ بەهێزکردن و پڕچەککردنی ملیشیاکانی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و یارمەتیدانی هاوپەیمانانی ئێران خەرج کراون.