کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا، ئاماژە بە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران کراوە

15:17 - 25 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان، باسیان لە کردەوە ئاژاوەگێڕانەکانی ئێران و پاڵپشتی لە تێرۆریزم کردووە.

بەرپرسانی باڵای ڕێکخراوە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە دانیشتنێکدا کە لە کۆمیتەی سێنای ئەو وڵاتە هاتووە، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیان لەسەر هەڕەشە جیهانییەکان بڵاو کردۆتەوە؛ کە لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە ڕێژیمی ئێران کراوە.

دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا، جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە ڕێژیمی ئێران، بە دەستێوەردان لە عێراق، سووریە و یەمەن و ناسەقامگیریی ئەو وڵاتانە، بەرژەوەندیی نیزامی و سیاسی و ئابووری بەدەست دەهێنێت و وەکوو گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتی تێرۆریست ناویان لێ بردووە. ئاماژەشیان بە یارمەتیدانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ئابووری، نیزامی و چەکوچۆڵ و ڕاوێژدانی بە گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهان کردووە.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا، ڕەخنەیان لە بەلەمە خێراکانی ئێران لە ئاوە نێونەتەوەییەکان گرتووە، کە ئاوە نێونەتەوەییەکان نائارام دەکەن و بۆ سەر هێزە ئاوییەکانی ئامریکا لە کەنداو هەڕەشەن.

لەو ڕاپۆرتەدا لەسەر سیاسەتەکانی نێوخۆیی ئێرانیش هاتووە، کە سیاسەتمەدارانی ڕێژیمی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ کێشەکانی نێوانیان زۆرتر دەبێت و ئەم ململانێیانە بابەتێکە کە دیار نییە درێژەکێشانی پێوەندی بە بەرژەوەندیی ئامریکاوە هەیە یان نە.

باس لە ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیمیش کراوە، کە وەکوو ڕێبەری میانەڕەوەکان لە ئێراندا لە هەمبەر توندئاژۆوەکان کە بە خامنەیی نزیکن، ململانێیان زۆر بووە و وای لێ هاتووە، کە خامنەیی و ڕۆحانی نێوانیان ئاڵۆزە.

هەروەها باس لە ململانێیەکان لەسەر کێشەی ئابووریی لە ئێران کراوە و ئاماژەیان بە لاوازبوونی بەرنامە ئابوورییەکانی دەوڵەت کردووە، کە نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت و پێشبینیان کردووە، کە هێشتا ئابووریی ئێران بە داهاتە نەوتییەکان بەستراوە و هەروەهاش بەردەوام دەبێت.

دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا وتوویانە، کێشە ئابوورییەکان بووەتە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی ئێران و ئاماژەیان بە سەرکوت و زیندانی کردنی خەڵک لە لایەن ڕێژیمەوە لە خۆپیشاندانەکان کردووە و باسیان لە خامنەیی کردووە، کە دژایەتی کرانەوەی فەزای سیاسی و ئابووریی ئێران دەکات.

لەو ڕاپۆرتەدا لەسەر بەرجام هاتووە، کە ڕێژیم ئێران دەیەوێت بەرجام بە هەموو شێوەیەک بمێنێت و ئاگادارە، کە ئامریکا بە دوای دەستکاری کردنی ڕێکەوتننامەکەیە، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی یەکیەتیی ئوروپا، ڕووسیە، فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا، پێبەند بێت بە بەرجام و باسیان لەوەش کردووە، کە بەرجام بووەتە هۆی ئەوەی کە چالاکییە ناوکییەکانی ئێران ڕوونتر بێت و ڕێگەیەکی زۆرتری لەبەر دەستی ئاژانسی نێونەتەویی وزە داناوە کە زۆرتر لەسەر دامەزراوە ناوکییەکان ئێران لێکۆڵینەوە بکات.

دامەزراوە ئیتلاعاتییەکانی ئامریکا، ڕێژیمی ئێرانیان وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر وڵاتەکەیان داناوە و ڕایانگەیاندووە، کە ئێران گەورەترین زەراتخانەی مووشەکیی بالستیکی لە ناوچەکەدا هەیە و هەوڵ دەدات کە توانا نیزامییەکان خۆی بباتە سەرەوە، هەتا بتوانێت بنکەکانی ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج، هەروەها ئەو ڕێژیمەیان وەکوو مەترسییەکی سایبەریش ناساندووە.