کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری ئەهواز و دەوروبەری بە هۆی تەپۆتۆزەوە تەنگیان پێ هەڵچنراوە

15:56 - 25 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کەشوهەوای ئەهواز بە هۆی زیادبوونی گەردیلەکان و تەپۆتۆزی لەڕادەبەدەر لە حاڵەتێکی قەیراناوی و هەستیاردایە.

بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی گشتیی ژینگەپارێزیی خووزستان، ڕاگەیاندووە، کە ڕێژەی گەردیلە و تەپۆتۆزی ئەهواز لە کاتژمێری ١٢ی شەوی سێشەممە ٢٤ی ڕێبەندان، زیاتر لە ٥٧ لەسەد ڕێژەی ئاسایی و دیاریکراو بووە و لە کاتژمێری ١٢ هەتا ٢ی شەو، ئەم ڕێژەیە بە ٦٠ لەسەد گەیشتووە.

شەهریار عەسکەری، بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی ئیدارەی گشتیی ژینگە پارێزی خووزستان، بە هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕاگەیاندووە، لە شەوی سێشەممەوە ڕێژەی گەردیلەکان لە ئاسمانی ئەهواز بە ٨٦٠٠ میکرۆگرەم لە مێتری سێجا گەیشتووە، کە کەشوهەوای ئەم شارەی هەستیار و مەترسیدار کردووە.

ڕێژەی ئاسایی گەردیلەکان لە هەوادا ١٥٠ میکۆگرەم لە مێتری سێجایە، کە ئەم ڕێژەیە لە ئەهواز لە ئێستەدا ٦٠ بەرانبەری ڕێژە ئاساییەکەیەتی.

هەر لەم پێوەندییەدا، محەممەدڕەزا ڕەزایی، بەرپرسی گشتیی فڕۆکەخانەکانی پارێزگای خووزستان ڕایگەیاندووە، کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی لەڕادەبەدەری گەردیلەکان لە هەوادا هاتووچۆی فڕۆکەکان قەدەغەیە؛ هەروەها بەرپرسی ناوەندی فریاکەوتنە پزیشکییەکانی پارێزگای خووزستانیش حاڵەتی ئامادەباشی ڕاگەیاندووە.