کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا و ڕێژیمی ئێران مۆڵەت بە یەکتری دەدەن

20:51 - 25 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە هێزەکانی خۆی لە سووریە بکشێنێتەوە و ڕێژیمی ئێرانیش وڵامی داوەتەوە ئێوەش بڕۆنە دەرێ.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێکس تێلرسۆن ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەیمەن ئەلسەدەفی هاوتا ئۆردۆنییەکەی ڕایگەیاند: دەبێت قەیرانی سووریه بەپێی بڕیاری ٢٢٥٤ی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژەکانی ئاشتی ژنێڤ چارەسەر بکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئامریکا وتوویەتی: ڕێژیمی ئێران سەربازەکانی و ئەو هێزانەش کە پاڵپشتـیان لێ دەکات لە سووریە بکشێنێتەوە.

لەو بارەیەوە پاسدار عه‌لی‌ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تی، ڕاوێژكاری باڵای ڕێبه‌ری ڕێژیمی ئێران، وڵامی ڕێکس تێلرسۆن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریکای داوەتە‌وه ‌و وتوویەتی: هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران به ‌شێوه‌یه‌كی ڕه‌وا و لەسه‌ر داوای دمشق هاتوونه‌ته‌ سووریه و ده‌بێت هێزه‌كانی ئامریکا ئه‌و وڵاته‌ بەجێ بهێڵن.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران هەروەها وتوویه‌تی: ده‌بێت ئه‌وانه‌ی به‌بێ مۆڵه‌ت هاتوونه‌ته‌ سووریە و مۆڵه‌تی حكوومه‌تی شه‌رعی ئه‌و وڵاته‌یان نییه،‌ له‌و وڵاته‌ بكشێنه‌وه‌، نه‌ک ئێران.

پێشتر ڕێکس تێلرسۆن، له‌ دیدارێكی ته‌لەفزیۆنیدا وتبووی: ده‌رباره‌ی بوونی ئێران له‌ وڵاتانی سووریه، یه‌مه‌ن، لوبنان و عێراق، تێڕوانینی ئامریکا وه‌ک تێڕوانینی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌، ئێمه‌ پێمانوایه‌ بوونی ئێران له‌و ناوچانه‌دا ئارامی و سه‌قامگیری بۆ هاووڵاتییان بەدی ناهێنێت‌، جارێكی دیكه‌ داوا له‌ تاران ده‌كه‌ین، هێزه‌كانی بكشێننه‌وه‌ بۆ ئێران، ئه‌وه‌ش ئاراسته‌ی ڕاسته‌كه‌یه‌ بۆ داهاتوو.