کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ماوەی ٣ رۆژدا زیاتر لە ٣٠ کۆبوونەوەی ئێعترازی بەڕێوەچوو

13:54 - 27 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئێعتراز و ناڕەزایەتی دەربڕینە خەڵکییەکان کۆتاییان پێنەهاتووە و بەردەوامن لە پەرەسەندن.

تەنیا چەند ڕۆژ پاش ساڵیادی ٢٢ی ڕێبەندان و ڕێوڕەسمە فۆرمالیتە و نمایشییەکانی ڕێژیم لەم ڕۆژە و لە ماوەی ٣ ڕۆژدا، ٣٠ کۆبوونەوەی ئێعترازی لەلایەن خوێندکاران، پزیشکان، کارمەندانی حکوومەتی و کرێکاران لە سەرانسەری ئێراندا هاتنە ئاراوە.

ماڵپەڕی کیهان لندن ئاشکرای کردووە، کرێکارانی ناوچەی تایبەتی ئابووریی ماهشەهر، لە پارێزگای خوزستان ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندان لە بەردەم ئیدارەی کار لەم شارستانە کۆبوونەوە و لەهەمبەر نەبوونی ئەمنیەتیی پیشەیی و بوونی هەڵاواردن لەنێوان کرێکارە فەرمی و پەیمانییەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەر هەمان ڕۆژ، کارمەند و پێرسۆنێلی کۆمپانیای کیش چوب لەهەمبەر وەرنەگرتنی مووچەی ١٠ مانگەیان، لە تاران ئێعترازیان کرد؛ کرێکارانی نەیشەکەری حەوت‌تەپەش جارێکی دیکە و لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندان، بە نیشانەی ئێعتراز بە نەدانی مووچەکانیان، دەستیان لە کار کێشایەوە و مانیان گرت.

ڕێکەوتی ٢٤ی رێبەندان ماڵخووراوانی دامەزراوەی کاسپییەن، لە بەردەم بینای پارێزگار لە ڕەشت کۆبوونەوە و وێڕای دانی درووشم بەدژی ڕێژیم داوای پارە بەتاڵان براوەکانیان کردەوە.

لە خولی نوێی ناڕەزایەتی دەربڕینەکاندا، خوێندکاران پێگەیەکی دیارتریان هەبووە؛ بەشێک لە خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ لە بواری ئەندازیاری، ڕێکەوتی ٢٤ی ڕێبەندان لە شاری مەشهەد کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد؛ هەروەها بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆی ورمێ سەبارەت بە وەرگرتنی پارە و تێچووی زۆری خوێندن و یاسای ناسراو بە سنوات ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لەلایەکی دیکەشەوە لە پارێزگای فارس، بەشێک لە پزیشکانی نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزا لەهەمبەر نەدانی مووچە وەدواکەوتووەکانیان ئێعترازیان کرد؛ ئەم ئێعترازەی پزیشکان بەوتەی کاناڵی هەواڵی پزیشکان، هاوکات لە ١١٥ شاری ئێران بەڕێوە چووە.

بەشێکی دیکە لەم زنجیرە ناڕەزایەتییانە بەم چەشنە بوون: کرێکارانی کارخانەکانی ایران چوکا، کاشی ئیسفەهان، شیشەی قەزوین، فولادی ورمێ، دامەزراوەی عومران نەینەوا، کرێکارانی بەنداوی شەفاڕوود، کرێکارانی کۆمپانیای پێترۆسەنعەتی جنووب، کۆمپانیای ئالامتۆ، کرێکارانی شارەداری نەیشابوور و شارەداری تاکستان لە قەزوین، کرێکارانی پەیمانکار لە پێترۆشیمی بەندەری ئیمام و بازاڕیانی بینای ڕووخاوی پلاسکۆ.