کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاستی بەرزی هەژاری لە ئێران بەپێی ئامارە حکوومەتییەکان

14:23 - 27 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: لەحاڵێکدا کە بەشێک لە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئیددعای بنبڕکردنی هەژاری لە ئێراندا دەکەن، سەرۆکی کۆمیتەی ئیمدادی رێژیم ڕایگەیاندووە: ڕێژەی خەڵکی هەژار لە ئێران بەردەوام ڕووی لە هەڵکشانە.

ماڵپەڕی تابناک لە زاری پەرویز فەتاح، سەرۆکی کۆمیتەی ئیمدادی خومەینییەوە بڵاوی کردۆتەوە: ڕێژەی هەژاری لە ئێران بەردەوام لە هەڵکشانە و ڕۆژانە ژمارەی هەژار و بێدەرەتانەکانی کۆمەڵگای ئێران زیاد دەبێت.

ناوبراو پێشتر وتبووی: لانیکەم ١١ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵام سەرۆکی ستادی جێبەجێکاری بڕیاری ئیمام، لە وەڵامیدا وتبووی: ئەم ئامارە درووست نییە و لانیکەم ١٢ میلیۆن کەس، لەژێر هێڵی هەژاری ڕووتدا دەژین و ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی ڕێژەیی هەژاریدان، ٣٠ میلیۆن کەسە!

ئەم ئامارانە هاوکات لەگەڵ کۆمەڵێک زانیاریی جیاوازتری وەزارەتی ڕێگەوبان بڵاو کراوەتەوە کە دەڵێ: ٣٣%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان، کە بەشێکی بەرچاویان خاوەنی سەرپەنا نین و بۆ خۆپاراستن، لە سەرما و گەرما کەڵک لە کەپر و خێوەت وەردەگرن.

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی ڕێژیمیش، بەناوی سەلمان خۆدادادی وتوویەتی: لە گەشبینانەترین حاڵەتدا، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، ٧٠%ە کە لە نێوان ساڵەکانی ٩٠ تا ٩٥ هەڵکشانێکی بێوێنەی بەخۆوە بینیوە.