کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانەتی دژ بە ئێرانی ناوکیی کۆ بوویەوە

14:30 - 27 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی دژ بە ئێرانی ناوکیی، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسییانە بۆ بەرەنگار بوونەوەی مەترسییەکانی حیزبوڵڵای لوبنان و ئێرانی ناوکیی، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بەڕێوە برد.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی سیاسی و پێشگیری لە مەترسییەکانی ئێرانی ناوکیی و حیزبوڵڵای لوبنان، هاوپەیمانەتی دژ بە ئێرانی ناوکیی، کۆ بوویەوە و لەم کۆبوونەویەدا چەندین کەسایەتی سیاسی و یاسادانەر بەشدارییان کردووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا، جوزیف لیبرمەن، بەرپرسی هاوپەیمانەتی دژ بە ئێرانی ناوکیی، وتوویەتی: حیزبوڵڵای لوبنان، باڵی سەربازیی ڕێژیمی ئێران، وەکوو ماشینی کوشتار لە سووریە کاری کردووە و ئامریکا بەڵگەی باوەڕپێکراوی لە پێوەندی لەگەڵ نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە حیزبوڵڵای لوبنانی لە بەردەستە، ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستە هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دروست بوونیەوە دوژمنی ئامریکا بووە و ئێستەش پاش ئەو ئەزموونانەی کە لە شەڕی سووریەدا بە دەستی هێناوە زۆر مەترسیدارترە.

لەو دانیشتنەدا برد ئەشنایدر، ئەندامی مەجلیسی نوێنەرانی ئیسرائیلیش وتوویەتی: حیزبوڵڵا دوژمنی ڕاستەقینەی ئیسرائیلە و ئەو ڕێکخراوە مووشەکەکانی خۆی لە نێو گوندەکان و خەڵکدا دەشارێتەوە.

ڕێکس تێلرسۆن لە درێژەی سەفەرەکەی بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، لەگەڵ میشل عون سەرکۆماری لوبنان، سەعد حەریری سەرۆکوەزیران و جبران باسیل، وەزیری دەرەوەـی ئەو وڵاتە دیداری کردووە و خوازیاری کۆتاییهێنان بە دەستێوەردان و چالاکییە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، هەروەها ناوبراو لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لەگەڵ سەعد حەریری لە بەیرووت، وتوویە: بوونی حیزبوڵڵا لە ناکۆکی و شەڕەکانی ناوچەکە، تەناهی و ئاسایشی لوبنان دەخاتە مەترسییەوە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بە تەواوەتی نائارام دەکات، هەروەها بوونی ئەو ڕێکخراوە لە سووریەدا بووەتە هۆی قووڵ بوونی شەڕەکان، ئاوارە بوونی زیاتری خەڵکی ئەو وڵاتە و بەهێز بوونی ڕێژیمی بەشار ئەسەد.

پێشتریش ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆمەڵگای جیهانی هۆشداری دابوو، کە بەشداری سەربازیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان لە سووریە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر تەناهی و هێمنی هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، کە بە تەواوەتی پێویستیان بە ئاشتی و هێمنییە، ناوبراو هەروەها داوای لە ڕووسیە کردووە، بە بەڵێنەکانی خۆی لە هەمبەر کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریە پێبەند بێت.