کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەتەوە یەکگرتووەکان: نابێ ئێران منداڵان ئێعدام بکات

14:18 - 28 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: کومیسرێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە پێش بە ئێعدامی منداڵان بگرێت.

زەید ڕەعدالحوسێن، کومیسری باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٦ فوریەی ٢٠١٨ی زایینی، باسی لەوە کردووە، ئەو منداڵانەی کە لە هەر بارودۆخیکدا تووشی تاوان دەبن، بەپێی مافە نێونەتەوەیییەکان نابێت ئیعدام بکرێن و داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە ئەو ئێعدامان ڕابگرێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی، کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی مافی مەدەنی و سیاسی و کۆنوانسیۆنی مافی منداڵان، کە ڕێژیمی ئێرانیش واژۆی کردوون، نابێت بە هیچ شێوەیەک منداڵ ئێعدام بکرێت، بەڵام ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە ئێران زۆرترین ئێعدامی منداڵانی هەیە و لە سەرەتای ئەمساڵدا، سێ کەس کە لە تەمەنی منداڵیدا تووشی تاوان بوون، ئێعدام کراون.

زەید ڕەعدالحوسێن، سەرەڕای ئەوەی کە نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر ئێعدامی منداڵان لە ئێران دەربڕیوە، داوای لە ڕێژیمی ئێران کردووە، کە یاسای ئێعدامی منداڵان هەڵبوەشێنێتەوە؛ ناوبراو ڕایگەیاندووە، کە ٨٠ منداڵ لە زیندانەکانی ئێراندا چاوەڕوانی ئێعدامن.

هەر لەو پێوەندییەدا، پێشتریش ڕێکخراوی چاوەدێریی مافی مرۆڤیش، نیگەرانیی خۆی لە هەمبەر ئێعدامی منداڵان دەربڕیبوو و ئێرانی وەکوو وڵاتێک ناو بردبوو، کە لە ئاستی جیهاندا زۆرترین ئێعدامی منداڵانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.