کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی مونیخی ٢٠١٨ دەستی بەکار کرد

15:15 - 28 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پەنجا و چوارەمین کۆنفڕانستی ئەمنییەتیی مونیخی ٢٠١٨، لە پێوەندی لەگەڵ کاروباری ئەمنییەتی و پرسە جۆراجۆرەکانی ئەو بوارە، لە وڵاتی ئاڵمان دەستی پێ کرد.

کۆنفڕانسی ساڵانەی نێونەتەوەیی، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە قسەکانی وێلفگانگ ئیشینگۆ سەرۆکی کۆنفڕانس، بە شێوەی فەرمی دەستی بەکار کرد، ئەم کۆنفڕانسە هەتا ٢٩ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، لە شاری مونیخ درێژە دەکێشێت.

بەپێی ڕاگەیاندنی ماڵپەڕی فەرمی کۆنفڕانسی مونیخ، ئەمنییەتی سایبێری، ئەمنییەتی وزە و ئەمنییەتی بێهداشت و تەندروستی، مژاری سەرەکیی دانیشتنەکانی ئەمساڵی ئەم کۆنفڕانسە دەبن؛ بەڵام جیا لەم مژارانە هێندێ پرسی دیکەی نێونەتەوەیی لەم دانیشتنە سێ ڕۆژەدا تاوتوێ دەکرێن.

کۆنفڕانسی مونیخ لە حاڵێکدا بەڕێوە دەچێت، کە ململانێ لە نێوان زلهێزە جیهانییەکان وەکوو ئامریکا و ڕووسیە بە هۆی پرسی شەڕ و ئاڵۆزی لە سووریە و دەستێوەردانەکانی ڕووسیە لە هەڵبژاردنەکانی ئامریکا ڕووی لە زیادبوونە، هەروەها گوشاری ئامریکا بۆ سەر وڵاتانی ئەندامی یەکیەتیی ئورووپا لە مەڕ دەستکاری کردنی ڕێککەوتننامەی بەرجام لە نێوان ئێران و وڵاتانی ١+٥ بەشێکی دیکە لە پرسە سەرەکییەکانی ئەم کۆنفڕانسەیە.

لەم کۆنفڕانسە ساڵانەیە، زۆرێک لە بەرپرسانی وڵاتانی جیهان کە برتین لە: جیم مەتیس وەزیری بەرگریی ئامریکا، هێربێرت مەک مەستێر ڕاوێژکاری ئەمنییەتیی ئامریکا، مایک پمپئۆ بەڕێوبەری ئاژانسی ئیتلاعاتی ناوەندیی ئامریکا، جان کری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئامریکا، وێندی شێرمەن جێگری پێشووی وەزەی دەرەوەی ئامریکا، ئێرنێست مۆنیز وەزیری پێشووی وزەی ئامریکا، هێلگا ئێشمیت جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی ئورووپا، سێرگی لارۆف وەزیری دەرەوەی ڕووسیە، تێرزا مەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، ئانتۆنیوو گوتریش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دی میستۆ نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سووریە، ینس ئێستوولێتنبێرگ سکرتێری ناتۆ، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، و محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران بەشدارییان کردووە.

لەم کۆنفڕانسەدا تێراز مەی سەرۆکوەزیرانی بریتانیا، لە دیدار لەگەڵ ئانگێلا مرکێل، سەرۆکی باڵای ئاڵمان، سەرەڕای پێبەندبوونی بریتانیا و ئاڵمان لە مەڕ مانەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام جەختی کردەوە، کە بریتانیا و ئاڵمان وێڕای ئامریکا لە هەمبەر چالاکییە ناسەقامگیرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نێگەرانن و بۆ بەرەنگاریی لەگەڵ ئەم ناسەقامگیرییەی ڕێژیمی ئێران، بۆ هەر کردەوەیەکی بەجێ و بەرفراوان ئامادەن.

ناوبراو هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئیسرائیل، لە کاتی بۆردمانی بنکە سەربازییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە وتی: لەندەن نیگەرانی کار و چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

جگە لە بەرپرسانی بریتانیا و ئاڵمان، ئەمانۆئێل ماکرۆن، سەرکۆماری فەڕانسەش، ڕۆژی چوارشەممە، سەرەڕای مانەوەی ڕێککەوتننامەی بەرجام، لە مەڕ مووشەکە سازکراوەکانی ڕێژیم ئێران، کە لە یەمەن و سووریە لە لایەن میلیشیا تێرۆریستەکانەوە کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، ئەم مووشەکانە بۆ سەر هاوپەیمانانی فەڕانسە مەترسی و هەڕەشەن.

هەر لەم بارەوە نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕێبەندان، لە ڕاگەیندراوێکدا بەپێی ڕاپۆرتی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بارەی پێشێل کردنی گەمارۆی چەکوچۆڵی یەمەن لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە، کە لەم بارەوە کردەوەیەکی جیددی ئەنجام بدات.