کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا فەرمانی دەسبەسەر کردنی ٣ کەسی بە تاوانی هاوکاریی لەگەڵ حیزبوڵڵا دەرکردووە

15:34 - 28 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی دادگریی ئامریکا، فەرمانی دەسبەسەر کردنی سێ کەسیان دەرکردووە، کە بە شێوەی نایاسایی کەرەستەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ حیزبوڵڵا جێبەجێ کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، وەزارەتی دادی ئامریکا، لە ڕاگەیندراوێکدا، سێ کەسی بەوە تاوانبار کردووە، کە هەوڵی گواستنەوەی کەرەستەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان داوە و سکاڵانامەیان لەسەر نووسیوە.

لەو سکاڵانامەیەدا هاتووە، ئوسامە دەرویش حەمدە، عوسام دەرویش و سەمیر ئەحمەد سێ شارومەندی لوبنانین، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ هەتا ٢٠١٣، کەرەستەی فڕۆکە وەکوو: کامێرا، ماتۆڕ و زۆر شتی دیکەیان بۆ حیزبوڵڵای لوبنان ناردووە و جێگەی ئاماژەیە، کە دوو کەسیان دەسبەسەر کراون و سەمیر ئەحمەد یەکێک لە تاوانبارەکان هێشتا لە ئافریقایە و هەوڵ دەدرێت دەسبەسەر بکرێت و ئەو دوو کەسەی دیکە دەبێت، لە ڕێکەوتی ٢٦ی فوریەی ٢٠١٨ی زایینی، لە دادگای فیدراڵ ئامادە بن.

گرووپی تێرۆریستی حیزبوڵڵای لوبنان، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و لە ڕاستای سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمەدا لە سەرانسەری جیهان، کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدات و جێگەی ئاماژیە، کە ڕێژیمی ئێران بە فەرمی ڕایگەیاندووە، کە بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی ئەو گرووپە تێرۆریستییە دەکات، بەتایبەت لە بەشی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی لە لایەن ئێرانەوە ساپۆرت دەکرێت.

ڕێژیمی ئێران لە سەرانسەری جیهاندا، لە ڕێگەی حیزبوڵڵاوە، قاچاخی چەکوچۆڵ و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەر دەکات و داهاتەکەشی لە کردەوە تێرۆریستییەکان بەکار دەبات.