کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پڕوپاگەندەکانی ڕێژیم بەدژی حیزب بەردەوامن

13:46 - 29 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسانی سپای حەمزە لە ورمێ، لەگەڵ ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی ئەو ناوچەیە كۆبوونەتەوە و داوای ھاوكاری و دژایەتی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێرانیان لەو كەسانە كردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ لە درێژەی هەوڵەکانی ریژیم بۆ دژایەتی کردنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، بەرپرسانی رێژیم لە شاری ورمێ و ناوچەكانی دەورووبەری، دەستیان کردووە بە تەبلیغ بە دژی حیزبی دێموكرات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوکارییان لە مامۆستایانی ئایینی کردووە لەدژی حیزبی دێموکرات و ڕاسانی ڕۆژهەڵات بئاخفن.

بەپێی ئەم هەواڵە، بەرپرسانی سپای حەمزە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا چەندین جار لە شارەدێیەكانی ڕاژان، زێوە، دزێ و موانە لە ناوچەكانی تەرگەوەر و مەرگەوەر لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی كۆبوونەتەوە و داوایان لەو مامۆستایانە كردووە كە لە خۆتبەكانی رۆژانی ھەینی دا دژایەتی حیزبی دێموکراتی كوردستانی ئێران بكەن.

لەو كۆبوونەوانەدا ھەر یەك لە ئاقایی بەرپرسی سپای حەمزە لە ناوچەكانی مەرگەوەر و تەرگەوەر و مەلا میرزائی نۆێنەری خامنەیی لەو ناوچانە لەگەڵ ئەو مامۆستایانە كۆبوونەوە .

ھەروەها نوێنەری ئیتلاعاتی رێژیم، سەرھەنگ نووری داوای كردووە كە مامۆستایان داوا لە لاوان بكەن كە لە پەیوەست بوون بە ڕیزەكانی حیزبی دێموکرات خۆبپارێزن.

ئەمە یەکەم جار نییە کە هەوڵی لەم چەشنە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە دەدرێت و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و بەتایبەت لەپاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی ڕۆژهەڵات، ناوە بە ناوە کۆبوونەوەی لەم چەشنە لە شار و شارەدێکانی کوردستان بەڕێوە چووە بەڵام هیچ کات بە ئاکامی دڵخوازی خۆیان نەگەیشتوون و ڕۆژانە و بەبەردەوامی لاوانی دەروەست و بڕواپۆڵایینی کورد پەیوەست بە ڕیزی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەبن.